"هەرێم سکاڵایەکی دیکە دژی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار دەکات"

هەولێر-KDP.info- بەھۆی بێبەشکردنی ئاوارەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەرێم سکاڵایەکی دیکە لە دادگای فیدڕاڵی دژی یاسا ھەموارکراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمار دەکات. بەرپرسێکی پارتییش ئاشکرای کرد، زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار دەنگدەری ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان ھەن.
بەگوێرەی مادەی ١٦ی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ھەموو ئەو دەنگدەرانەی لە دەرەوەی ناوچەکانیانن، لە ھەڵبژاردنی ٢٠ی نیسانی ساڵی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا مافی دەنگدانیان نابێت.
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەک پەرلەمانی کوردستان بریکارنامە بە پارێزەرەکانمان دەدەین و بڕیارە ئەو پارێزەرانە سەردانی بەغدا بکەن بۆ ئەوەی لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵا دژی ئەو یاسا ھەموارکراوە تۆمار بکەن و بە ھیچ شێوەیەک لە مافی دەنگدەرانی خۆمان خۆش نابین."
ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بێبەشکردنی دەنگدەرانی ئەو ناوچانە پێشێڵکارییەکی زەقی یاسایییە، چونکە بە دەیان ھەزار دەنگدەر ھەن ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان بۆ ڕۆژی دەنگدان و پێویستە یاساکە دووبارە ھەموار بکرێتەوە و ئەو بڕگەیە لا بدرێت کە باس لە بێبەشکردنی ئاوارەکان لە دەنگدانی داھاتوودا دەکات."
شیلان باجەلان، کارگێڕی لقی ١٤ی پارتییش لە مووسڵ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بێبەشکردنی دەنگدەرە ئاوارەکان پیلانێکی دژی کوردە لە ناوچە کوردستانییەکان، لەبەر ئەوەی دوای شەڕی داعش و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی کوردی ئەو ناوچانە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و ناتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام مەبەست لە دانانی ئەو بڕگەیە بۆ ئەوەیە کورد لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگی پێویست بەدەست نەھێنێت."
باجەلان ئاشکرای کرد: "زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار دەنگدەری ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردن ناتوانن بەشداریی ئەو پڕۆسەیە بکەن، بەتایبەتی ھەندێ ناوچە ھەن ڕەوشی ئەمنیان ئاڵۆزە و خەڵکی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و بەشداریی دەنگدان بکەن، پێشتریش دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی سکاڵای لە دژی یاساکە تۆمار کردووە و لە داھاتوودا ھەڵوێستی تریشمان دەبێت."
قائید میرۆ




