مونا قه‌هوه‌چی: ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور ده‌كەینە ئه‌وله‌وییه‌تی كاری خۆمان

هه‌ولێر-KDP.info- سكرتێری پەر‌له‌مانی كوردستان دەڵێ، دوای كۆتاییهاتنی پشووی په‌رله‌مان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیان، ئه‌وله‌وییه‌تی كاری ئه‌وان ئاماده‌كردنی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
دوێنێ سه‌رۆك بارزانی لەگه‌ڵ ده‌ستەی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوەوه و تێیدا به‌پێویستی زانی، كه په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستوور بكاته ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانی خۆی.
مونا قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای كۆتاییهاتنی پشووی په‌رله‌مان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، له سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان کۆدەبینەوە و، ده‌یكه‌ینه ئه‌وله‌وییه‌تی كاری خۆمان.
قه‌هوه‌چی گوتیشی: "ده‌مانه‌وێ له نووسینەوەی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداربن، ئه‌وانه‌ی كورسیان له‌په‌رله‌مان هه‌یه و، ئه‌وانەشی کە كورسیشیان نییه، چونكه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانەوە هه‌یه و ده‌مانه‌وێت له رێگه‌ی ده‌ستوور مافه‌كانمان پارێزراو بێت.
سكرتێری پەر‌له‌مانی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد: "جه‌وله‌یه‌كی سه‌ردانی لایه‌نه‌كانیان ده‌ستپێكردووه، له یه‌كه‌م سه‌ردان، سه‌ردانی پارتی و سه‌رۆك بارزانیان كردووه و، به‌رده‌وامیش ده‌بن تاوه‌كو سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ن و، پشتگیری ئه‌وان به‌ده‌ست دێنین بۆ په‌رله‌مان و، ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندی پته‌و له نێوان حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌بێت.
بڵند ئیبراهیم




