شاره‌وانی هه‌ولێر: شاره‌وانییه‌كان سه‌رپشككراون بۆ بڕیاردان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی بۆ دوو به‌ش

هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندنی شاره‌وانی هه‌ولێر دەڵێ، پێشتر بڕیاردرابوو له ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی، کە نابێت زه‌وی له سنووری پارێزگای هه‌ولێر بكرێنه دوو به‌ش، به‌ڵام له ئێستادا شاره‌وانییه‌كان سه‌رپشككراون بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی شوێنی زه‌وییه‌كان بڕیار له‌سه‌ر کردنە دوو به‌ش، یا‌ن یه‌ك به‌ش مانەوەی بدەن.
كرمانج ده‌شته‌كی به‌ڕێوبه‌ری ڕاگه‌یاندنی شاره‌وانی هه‌ولێر، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێشتر ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی هه‌ولێر بڕیاریدابوو، کە نابێت زه‌وییه 200مه‌ترییەکان بكرێنه 100مه‌تری، به‌پێی ئه‌و بڕیاره دابه‌شكردنی زه‌وییه‌كان بۆ دوو به‌ش راگیرابوو، به‌ڵام له ئێستادا لە لایەن شارەوانی هەولێرەوە، هه‌ر شه‌ش شاره‌وانی خۆمان سه‌رپشككردووه، كه به‌پێی شوێنی زه‌وییه‌كان بڕیاری لێ بدرێت و چی به باش ده‌زانن ئه‌وه بكه‌ن".
كرمانج ده‌شته‌كی گوتیشی: "هه‌ندێ گه‌ڕه‌ك هه‌یه شه‌ش پارچه زه‌وی لێیه و پێنجی دابه‌ش دوو كراوه، ته‌نیا یه‌كێ ماوه، شاره‌وانی ده‌توانێ بڕیار بدات ئه‌وه‌ش بكرێته دوو به‌ش، چونكه پێشتر ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش كراون و ئاساییه ئه‌وه‌ش بكرێته دوو به‌ش، به‌ڵام ڕه‌نگه گه‌ڕه‌كیش هه‌بێت هیچ زەوییەکی نه‌كرابێته دوو به‌ش، ئه‌وه‌یان ده‌كرێت ڕێگه نه‌درێت بكرێنه دوو به‌ش، بۆیه ئه‌مه بۆ شاره‌وانییه‌كان جێهێڵدراوه و، ئه‌وان خۆیان بڕیاری لێ ده‌ده‌ن".
بڵند ئیبراهیم




