٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌رله‌مان: زانیاری وه‌زاره‌تی سامانە سرووشتییەكانمان لە بەردەسته‌.. پرۆسەی نەوت زۆر شەفافە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر ڕوون و شەفافە و هەماهەنگیی لیژنەی ئێمە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان باشە و بڕیارە باشتریشی بكەین". دەشڵێ: "داوای هەر داتا و زانیارییەكمان كردبێت، بە ئێمەیان داوە و ئێستا هەموو زانیارییەكان بەردەستن".

جیهاد حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر ڕوون و شەفافە و پێش چەند رۆژێك سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانمان كردووە و گفتوگۆمان لەگەڵ كردوون و بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك بكەین و یەكێك لە خاڵەكانی كۆبوونەوەكەش، دروستكردنی هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو زانیارییەكان بین لەبارەی پرۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان".

حەسەن گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان  بانگهێشتی پەرلەمان دەكەین بۆ ئەوەی هەموو زانیارییەكان بخاتە ڕوو بۆ ئێمە و دواتریش بۆ رای گشتی رابگەیەندرێت، بۆیە هیچ شتێكی شاراوە لە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا نییە و زۆر ڕوون و شەفافە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "داوای هەر ئامار و زانیارییەكمان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كردبێت، بە ئێمەیان داوە و هەموو زانیارییەكان لە بەردەستی ئێمەدان و هەماهەنگیی باشیشمان لە نێواندا هەیە".

دەشڵێ: "دەمانەوێت لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بكەین، بۆ ئەوەی چی باشە ئەوە بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە پەیوەندییان بە پرۆسەی نەوتەوە هەیە".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار