كاركردن لە جووتسایدی چۆمان – حاجی ئۆمەران دەست پێدەكاتەوە.. پڕۆژەیەكی ئاویش جێبەجێ دەكرێت

چۆمان-KDP.info- قایمقامی چۆمان ڕایدەگەیەنێت، كاركردن لە جووتسایدی چۆمان – حاجی ئۆمەران دەست پێدەكاتەوە، كە لە ساڵی 2014ـوە بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیدا وەستابوو. دەشڵێ، بڕیارە پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاو لە سنوورەكە بە بڕی 2 ملیار دینار جێبەجێ بكرێت.
ئەحمەد قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "رێگای جووتسایدی چۆمان – حاجی ئۆمەران یەكێك بووە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2014ـوە كاركردن تێیدا وەستابوو بە هۆی قەیرانی داراییەوە، بەڵام لە ئێستادا بڕیار دراوە كە كاركردن تێیدا دەست پێ بكاتەوە بە رەزامەندی وەزارەتی پلاندانان و ئاودانكردنەوە.
قایمقامی چۆمان ڕاشیگەیاند: "درێژیی رێگاكە 16 كیلۆمەترە و تێچووەكەشی زیاتر لە 51 ملیار دینارە، كە پڕۆژەكەش یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكان و كێشەی هاتوچۆی ناوچەكە چارەسەر دەكات".
دەشڵێ، بڕیار دراوە پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاو لە سنووری قەزای چۆمان بە بڕی 2 ملیار دینار جێبەجێ بكرێت و تاوەكو پڕۆژەكەش جێبەجێ دەكرێت، ئەو كێشانەی هەن چارەسەر دەكرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لیژنەیەك لە حكوومەتی هەرێم سەردانی قەزاكەی كردووە.
ئەحمەد قادر گوتیشی: "یەكێك لە كێشەكانی ئێمە، پچڕانی ئاوە لە سنووری چۆمان، لەبەر ئەوەی شوێنێكی شاخاویی سەختە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش، پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاو هەیە، كە بە بڕی 2 ملیار دینار ئەنجام دەدرێت و ئێستا لە قۆناغی دیزاندایە، بەڵام تاوەكو پڕۆژەكە ئەنجام دەدرێت، پێویستمان بە بڕێك پارە هەیە تا كێشەكە بە شێوەیەكی كاتی چارەسەر بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی حكوومەت لە بواری ئەندازیارییەوە هاتووە بۆ ناوچەكە بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكە بكەن، چونكە لە وەرزی زستاندا بەفرێكی زۆر دەكەوێت و ئاو بە زەحمەت دەگاتە هاووڵاتیان، بۆیە بڕیارە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن".
هێدی كاكەیی - بڵند ئیبراهیم




