لە ژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەت پێشانگای نێودەوڵەتی لە بواری خوێندنی باڵا دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی "ئێرا ئارپۆ" بۆ رێكخستنی چالاكی و پێشانگاكان ڕایدەگەیەنێت، بۆ یەكەم جار لە هەرێمی كوردستان و عێراق، پێشانگایەكی تایبەت بە بواری خوێندنی باڵا لە ژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دەكرێتەوە.
دكتۆر حەسەن سەعدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ژێر چاودێریی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، رۆژانی پێنج بۆ هەشتی مانگی ئەیلوول یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی لە بواری خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە".
سەعدی ڕاشیگەیاند: "لە پێشانگاكەدا سەرجەم زانكۆكاكانی هەرێمی كوردستان و بەشێكی زۆری زانكۆكانی عێراقیش بەشدار دەبن، لەگەڵ چەندین زانكۆی وڵاتانی دیكەی وەك سوید و پۆڵەندا و لوبنان و توركیا و چەندین وڵاتی دیكەش".
بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی "ئێرا ئارپۆ" بۆ رێكخستنی چالاكی و پێشانگاكان ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارە وەزیری خوێندنی باڵای چەند وڵاتێك لە پێشانگاكەدا بەشدار بن، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێكی باش بۆ ئەوەی قوتابیان و فێرخوازان سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرن.
هێدی كاكەیی




