عەلی رەشید: لیژنەكانی ئەنجومەن كەم دەكرێنەوە.. چاودێرییەكی چڕی حكوومەتی خۆجێیی دەكەین

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن هەموار دەكەنەوە و ژمارەی لیژنەكان دەكرێنە 10 لیژنە، كە دواتریش چاودێرییەكی چڕی حكوومەتی خۆجێیی دەكەن.
عەلی رەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان كارا كرانەوە، ئێمە پلانی خۆمان داناوە و بەردەوام دەبین لە چاودێریكردن و دەركردنی رێنمایی و لێپێچینەوە و بانگهێشتكردنی بەرپرسانی سنووری هەولێر لە كاتی بوونی هەر كێشەیەكدا، ئێستاش لیژنەكانمان كارا بوونەتەوە و كاری خۆیان دەكەن".
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر گوتیشی: "پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگا هەموار دەكەینەوە و ژمارەی لیژنەكان لە 15 لیژنەوە بۆ 10 لیژنە كەم دەكەینەوە، چونكە ژمارەی لیژنەكان زۆرە و بوونی هەر ئەندامێك لە چوار لیژنە زیاتر، قورساییەكی زۆری خستبووە سەر لیژنەكان، ئێستاش وا دەكەین كەم بكرێتەوە بۆ ئەوەی هەر ئەندامێك لە دوو تا سێ لیژنە زیاتر نەبێت، تا بتوانێ كاری خۆی باشتر بكات و كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكات، بۆیە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن و چاودێرییەكی چڕی حكوومەتی خۆجێیی دەكەین".
ناوبراو دەشڵێ: "چاوەڕێ دەكەین حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دابین بكات و بێتە ناو ئەنجومەن، بۆ ئەوەی ئێمەش دابەشی سەر قەزا و ناحیەكان و سێكتەرەكانی بكەین".
بڵند ئیبراهیم




