داوا دەكرێت نوێنەری وڵاتان لە كاتی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی سەماوە ئامادە بن

بەغدا-KDP.info- دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو دوو گۆڕی بەكۆمەڵی ئەنفالكراوان لە پارێزگای سەماوە هەڵدرانەوە، كە رووفاتی 171 قوربانییان تێدا بوو، بڕیارە دوو گۆڕی تریش هەڵبدرێنەوە، جێگری لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیش دەڵێ، داوایان كردووە ئامادەكاریی باشتر بكرێت و نوێنەری وڵاتانیش لە عێراق، لە كاتی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكاندا ئامادە بن.
هەدار زوبێر بارزانی، نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان و جێگری لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای كۆتاییهاتنی هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەكۆمەڵ لە سەماوە و ڕەوانەكردنی رووفاتەكان بۆ پزیشكی دادی لە بەغدا، لە ئێستادا بۆ ھەڵدانەوەی دوو گۆڕی تریش كە رێكارەكانی تەواو بووە، داوامان كردووە بە مەراسمێكی شایستەتر پرۆسەی هەڵدانەوەكە دەست پێ بكات و، نوێنەری كۆنسووڵخانەكان و وڵاتان كە لە عێراقن، ئامادە بن بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان ببینن لە سەردەمی رژێمی پێشوودا چ تاوانێك دەرحەق بە كورد كراوە".
جێگری لیژنەی شەهیدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "بەپێی ئەو زانیارییەی بە ئێمە دراوە، ئەو دوو گۆڕەی تریش هەڵدەدرێنەوە و لە مەراسیمێكی شایستەدا تەواوی ڕووفاتەكان دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان".
هەدار بارزانی دەشڵێت: "لەگەڵ دیوانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبینەوە و، نوێنەری وەزارەتی شەهیدانیش ئامادە دەبێت، كە جارێكی تر داواكارییەكانی خۆمانیان ئاڕاستە دەكەین".
نەشوان بەرزنجی




