٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێبوار هادی: لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵامان تۆمار كردووه‌

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 22-7-2019 هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد و بەپێی ماددەی 16ـش، ئەو ئاوارانەی لە پارێزگاكانی خۆیان نین، ناتوانن دەنگ بدەن، سەرۆكی لیژنەی یاساییش دەڵێ، لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار كراوە و دەبێ ئەو ماددەیە هەڵبوەشێنرێتەوە.

رێبوار هادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماددە 16 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، پێچەوانەی ماددەی 20ی دەستووری عێراقە، لەبەر ئەوەی هاووڵاتیانی عێراقی بێبەش دەكرێن لە دەنگدان، چونكە بەپێی ماددەی 16، ئەو ئاوارانەی لە دهۆك و هەولێر و سلێمانین یاخود ئەوانەی لە شارەكانی خۆیان نین و ناتوانن بگەڕێنەوە شارەكانیان بە هۆی ئەو باردۆخەی بەسەر عێراقدا هات، لە دەنگدان بێبەش دەكرێن".

سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگمان بەو ماددەیە نەداوە و ناڕازیبوونی خۆمان دەربڕیوە، هەروەها لە دادگای فیدڕاڵییش سكاڵامان تۆمار كردووە لەسەر ئەو بابەتە ".

هادی ئەوەشی خستە ڕوو، زۆربەی لایەنەكان لە روانگەی بەرژەوەندیی حیزبییەوە تەماشای بابەتەكە دەكەن نەك لە روانگەی هاووڵاتیبوونی عێراقی و دەستوورییەوە، چونكە تێپەڕاندنی ئەو ماددەیە لەناو هۆڵی پەرلەمان، نایاسایی بوو كە پێشتر باس نەكرابوو و هەروەها لە پڕۆژەیاساكەشدا نەهاتبوو، بەڵكوو لەناو هۆڵی پەرلەمان زیاد كرا، بۆیە بە هەموو شێوەیەك پێچەوانە و دژی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە، لەبەر ئەوە ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بە یاسا و دەستوور بڕیار بدات، ئەوا دەبێت ئەو ماددەیە هەڵبوەشێتەوە و كەس بێبەش نەكرێت لە دەنگدان، هەر ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەكرێت هەڵبوەشێندرێتەوە.

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار