ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك كۆدەبێتەوە

دهۆك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت، دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگا تایبەتە بە سیستەمی بەئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەی دادنووسی و گرانبوونی نرخی عەریزە.
جەمیلە محەمەد ئیسماعیل، جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕایگەیاند : "كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیارە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوە بچێت و بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش تایبەتە بە (سیستەمی بەئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەی دادنووسی) بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنووسی لە پارێزگای دهۆك (نیدار محەممەد موفتی) و نوێنەری ( INFO RR LTD) كۆمپانیای پەیوەندیدار."
جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك راشیگەیاند: "بەرزكردنەوەی نرخی عەریزە بۆ 25 هەزار دینار، ناڕەزاییەكی زۆری هاووڵاتیانی بەدوای خۆی هێناوە، بۆیە لە ئەنجومەنی لیژنەیەك پێك هێنرا و سەردانی تەواوی دادگاكانی سنووری پارێزگای دهۆكمان كرد و ڕاپۆرتێكمان ئامادە كردووە، ئەمڕۆش لایەنی پەیوەندیدار ئامادە دەبن و ئامانجی ئێمەش كەمكردنەوەی نرخەكەیە".
جەمیلە محەمەد ڕوونیشی كردەوە: "دوێنێ لەلایەن حكوومەتەوە ئاگادار كراینەوە، كە نرخی عەریزەنووسین بە پێی سیستەمی نوێ لە 25 هەزارەوە بۆ 15 هەزار دینار كەم كراوەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ بۆ ڕای گشتی، داوای روونكردنەوەی زیاتر لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین".
نەشوان بەرزنجی




