لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێكی رێگای ھەولێر- دھۆك دەكرێتەوە

دهۆك-KDP.info- بەشێكی سەرەكیی رێگای ھەولێر- دھۆك ئەمساڵ تەواو دەكرێت و بەڕێوەبەری پڕۆژەكەش لە پارێزگای دھۆك ئاشكرای كرد، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا بەشێكی رێگای ھەولێر- دھۆك دەكرێتەوە و ئەمساڵ لە دیوی دھۆك پڕۆژەكە دەكەوێتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە.
ئەندازیار كامیران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی جووتسایدی ھەولێر-دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێگای ھەولێر- دھۆك لە سنووری پارێزگای دھۆك قۆناغی باشی بڕیوە و یەكێك لە رێگا ستراتیژییەكانی ھەرێمی كوردستانە، كە تا ئێستا ٥٦%ی پڕۆژەكە تەواو بووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێكی رێگاكە دەكرێتەوە، كە درێژیی رێگاكە لە سەنتەری ناحیەی رۆڤیا بۆ چەمە، ٢٢كم دەبێت".
بەڕێوەبەری پڕۆژەكە دەشڵێت: "تیمەكانمان ٢٤ كاتژمێر لە كاردان و ٣٠%ی رێگاكە بە شێوەیەكی ستاندارد قیڕ كراوە و ئەمساڵ ھەموو رێگاكە بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەكرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا دوو قاتی قیڕ دەكرێت و قاتی سێیەم دەكەوێتە ساڵی نوێوە".
كامیران عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن پڕۆژەكەی بەسەر كردوووەتەوە و لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانی ئاگادارە".
جێی ئاماژەیە، رێگای ھەولێر-دھۆك لە دیوی دھۆك ٢٢ كیلۆمەتر دەبێت و لە دیوی ھەولێریش ٣٨ كیلۆمەترە، كە حەوت ئۆڤەر پاسیش لەخۆ دەگرێت و رۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بەردی بناغەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ھەرێمی كوردستانەوە داندراوە.
قائید میرۆ




