"ھەر قوتابخانەیەك بە واستە و ساختە كرا بێتەوە، دادەخرێت"

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەك لیژنەی بۆ پێداچوونەوە بە كەرتی پەروەردەدا پێك ھێناوە و ڕاوێژكارێكی وەزارەتی پەروەردەش ئاشكرای كرد، لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتیی وەزیری پەروەردە پێك ھاتووە و پێداچوونەوە بە قوتابخانە و پەیمانگا ئەھلییەكاندا دەكات. دەشڵێ، ھەر قوتابخانەیەك بە واستە و ساختە كرابێتەوە، دادەخرێت.
بورھان ئەرگووشی، ڕاوێژكاری وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەكی باڵا لە وەزارەتی پەروەردە پێك ھاتووە و وەزیری پەروەردە خۆی سەرپەرشتیی ئەو لیژنەیە دەكات بۆ پێداچوونەوە بە قوتابخانە و پەیمانگە و باخچەی ساوایانی ئەھلی لە ھەرێمی كوردستان، ھەر قوتابخانەیەك پێشتر بەھۆی واستە و ساختەكارییەوە كرابێتەوە، دادەخرێت و بەداخەوە ئاستی ھەندێ قوتابخانەی ئەھلی زۆر زۆر نزمە و ناگاتە ئاستی قوتابخانەكانی حكوومەت".
ڕاوێژكارەكەی وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت: "لە كاتی لێكۆڵینەوە ئەگەر لیژنە گەیشتە ئەو باوەڕەی ئاستی قوتابخانەیەكی ئەھلی خراپە، ئەوە بڕیار بۆ داخستنی دەدرێت و مۆڵەتەكەی ھەڵدەوەشێتەوە، چونكە مەبەست لەو بڕیارانەی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەیە چاكسازی لە كەرتی پەروەردەدا بكرێت و ئاستی زانستی بەرز بكرێتەوە".
ئەرگوشی ڕوونیشی كردەوە: "لە ئەگەری داخستنی ھەر قوتابخانەیەك، مافی قوتابیانی خۆشەویست پارێزراو دەبێت و ھیچ مەترسییەك بۆ سەر پاشەڕۆژی ئەو قوتابیانە نابێت، كە قوتابخانەكانیان دادەخرێن، یان گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت، لەبەر ئەوەی ماف و بەرژەوەندیی قوتابی پارێزراوە و لە سەرووی ھەموو شتێكەوەیە".
قائید میرۆ




