"لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەگەڕێتەوە"
__2019_08_27_h15m58s38__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەگەڕێنینەوە. دەشڵێت، کام ھەنگاو لە بەرژەوەندیی قوتابیاندا بێت، ئەو ھەنگاوە ھەڵدەبژێرن.
تاوەکو سەرەتای ٢٠١٤، حکوومەتی ھەرێم مانگانە ٦٠ ھەزار دیناری بە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانی دەرەوەی شار و ٤٠ ھەزار دیناریشی بە قوتابیانی سەنتەری شارەکان دەدا، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پارەیە تاوەکو ئێستا ڕاگیراوە.
د. گەلاوێژ عبێد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای پشووی ھاوینەی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان، ئێمە ھەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی لە کاتی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠)دا دەست بکرێت بە پێدانەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان، بەڵام شێواز و بڕی دەرماڵەکە دیاری نەکراوە، لە ھەموو ئەگەرێکیشدا بڕەکەی لە ساڵانی پێشوو کەمتر نابێت."
بە بۆچوونی دکتۆر گەلاوێژ، قوتابیانی ناو شار مانگانە بڕی ٥٠ ھەزار دینار وەربگرن، بۆ قوتابیانی دەرەوەی شاریش ھەر قوتابییەک بڕی ٧٥ ھەزار دیناریان بدرێتێ، ئەو بڕە پارەیەش کە پێیان دەدرێ، لە قوتابیان وەرنەگیرێتەوە.
بەپێی پڕۆژە یاسایەکیش پێشنیاز کراوە قوتابییان مانگانە لە ماوەی خوێندنیاندا بڕی ١٥٠ ھەزار دینار وەک دەرماڵە وەربگرن، دواتر لەسەدا ٣٣ی ئەو بڕەپارەیە دەبەخشرێ و ئەوەی دەمێنێتەوە، دەبێ لە ماوەی ١٠ ساڵدا بیگەڕێننەوە.
سەبارەت بەم بابەتەش، د. گەلاوێژ پێی وایە، لە کوردستان سیستەمی بانکی نییە و، لەوانەیە کێشە بۆ گەڕاندنەوەی پارەکە پەیدا ببێت. دەشڵێت: "لە دوای دەرچوونی ئەو قوتابیانەش کێ دەڵێ ئەو قوتابییە کاری دەست دەکەوێت، چونکە دانەوەی پارەکە دەبێتە بارگرانی بۆ قوتابیان."
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕایشیگەیاند: "سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵامان کرد، ئەوان سەرژمێرییەکیان بۆ قوتابیانی دەرەوەی شار و ناوەوەی شار کرد و، سەرژمێرییەکە دەنێرن بۆ وەزارەتی دارایی تاوەکو بزانن وەزارەتی دارایی تا چەندە لە توانایدا ھەیە دەرماڵەی قوتابیان دابین بکات."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دەدا، ئەگەر بێت و زانکۆکان سەربەخۆییی دارایی وەربگرن، بەپێی ئەو داھاتەی کە بەردەستە، ھەر زانکۆیەک دەتوانێت پارە بۆ قوتابیانی خۆی دابین بکات، ھەربۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ زانکۆکان تاوتوێی ئەم باسەی کردووە. ھەروەھا دەشڵێت: "بەدیلێکی ترمان ھەیە و کاری لەسەر دەکەین، کام ھەنگاویش لە بەرژەوەندیی قوتابیاندا بێت، ئێمە ئەو ھەنگاوە ھەڵدەبژێرین."
ھەڵکەوت محەمەد




