٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٢٩ی مانگ کۆنفرانسێک بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ڕێک دەخرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، کۆنفرانسێک بۆ پلانی کەرتی کشتوکاڵ ڕێک دەخرێت. دەشڵێت، حکوومەت گرینگیی داوە بە کەرتی کشتوکاڵ و دەشمانەوێ کشتوکاڵ ببێت بە یەکێک لە سێکتەرە گرینگەکانی کوردستان لە پاڵ کەرتی نەوتدا.

 

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی٨ی٢٠١٩ لە ھەموو پارێزگاکانی کوردستان کۆنفرانسێک بۆ جووتیاران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ ڕێک دەخرێت، ئامانج لەو کۆنفرانسەش پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پلاندانان بۆ چوار ساڵی داھاتووی کشتوکاڵە.

 

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئامانج لەم کۆنفرانسە بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵە، ھەروەھا بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگەی کەرتی کشتوکاڵەوە ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەین و بتوانین لە داھاتوودا لەجیاتی نەوت سوود لە کشتوکاڵی ناوخۆ وەربگرین."

 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕوونیشی کردەوە: "کۆنفرانسەکە تەنھا تایبەت نییە بە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەو کۆنفرانسە تایبەتە بە دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ پلانی چوار ساڵی داھاتووی کەرتی کشتو‌کاڵ، بۆیە لە سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارەی گەرمیان کۆنفرانسێکی تایبەت دەکرێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک، زانکۆکان و یەکێتیی جووتیاران و کەرتی تایبەت بەشدار دەبن لەو کۆنفرانسەدا و ئاگادار دەبن لە داڕشتنی پلانەکە، چونکە لە ڕێگەی ئەو کۆنفرانسەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدار و ھاوکار دەبن لە پلانی چوار ساڵەی کەرتی کشتو‌کاڵدا، دواتر ھەموو ڕاسپاردەکان و ئەو پرۆژانەی پێشنیاز دەکرێن بەرز دەکرێتەوە بۆ وەزارەت و ئەبێت بە پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت."

 

لەسەر داوای سەرۆکی حکوومەت،‌ ھەر وەزیرێک دەبێ پلانی خۆی بۆ چوار ساڵی ‌داھاتوو بخاتە ڕوو، دەبێ تا ناوەڕاستی مانگی داھاتوو ئەو پلانە ئامادە بێت، حوسێن دەڵێت: "کەرتی کشتوکاڵ لە ھێڵە گشتییەکانی کارنامەی حکوومەتی ھەرێمە، حکوومەت گرینگیی داوە بە کەرتی کشتوکاڵ و دەمانەوێ کشتوکاڵ ببێت بە یەکێک لە سێکتەرە گرینگەکان و لە پاڵ کەرتی نەوتدا بەشدارییەکی کارای لە ئابووریی ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت."

 

حوسێن حەمە کەریم دەشڵێت: "ئەرکی سەرەکیی ئێمە بابەتی ئاسایشی خۆراک و پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیە، ھەروەھا پاراستنی سامانی ئاو یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی وەزارەت، لە ڕێگەی چەند پرۆژە و ڕێکارێکی تایبەتەوە خەریکی داڕشتنی ئەو پلانەین."

 

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا لە ھۆڵی پەرلەمانی کوردستان تەئکیدی لە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوە دارایی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کردەوە و بە خاڵێکی سەرەکیی بەرنامەی کاری حکوومەتی دانا.

 

ھەڵکەوت محەمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار