شاندێكی وهزارهتی ناوخۆی عێراق سهردانی ههرێم دهكات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی هەرێم دەکات و سەبارەت بە کێشەکانی نێوانیان گفتوگۆ دەکەن. هاوکات لیژنەشیان بە مەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی و سەربازی و ماددەی ١٤٠ لەگەڵیان پێک هێناوە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ مێدیاکان ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە (٢٨-٨-٢٠١٩) شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ، بە مەبەستی باسکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دێنە کوردستان. جەختیشی لەوە کردەوە، هەر کاتێ ئەوان ئامادە بن، ئەمانیش وەک هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن و سەبارەت بە کێشەکان گفتوگۆ دەکەن و دەرەنجامی باشی دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، شاندەکە تایبەتە بە وەزارەتی ناوخۆ و تایبەتریش دەبێت بە گفتوگۆ لە نێوان هەردوو وەزارەتدا. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا باسی کۆی ئەو کێشانە بکەن، کە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەن، دەربارەی ئەو لیژنانەی بە مەبەستی سەردانیکردنی بەغدا پێک هێنراون، وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە، کە لیژنەکانیان بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئەمنی و سەربازی و ماددەی 140 و جێبەجێکردنی ماددەکە پێک هێناوە. هەروەها لیژنەی گفتوگۆیان لەبارەی قەرزی نەوت و گاز و هەندێ بابەتی دیکەی پەیوەست بە نەوت و غازیشەوە پێک هێناوە.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئاسایییان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم هەیە، کە لەگەڵ ئەفسەرە باڵاکانی هەرێمی کوردستانە و باسی ئەو خزمەتگوزارییانە دەکەن، کە پێشکەشی هاونیشتمانیان دەکرێن.
خێڵان بەختیار




