٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدالەت عومەر: زیاتر لە ٦٠ ھەزار خێزانی عەرەبی ھاوردە لە كەركووك دەنگ دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- یاسا ھەمواركراوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، مافی دەنگدان دەبەخشێتە دەیان ھەزار خێزانی عەرەبی ھاوردە لە كەركووك، بەرپرسێكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمیش، ھۆشداری دەدات ئەگەر كورد لەو ھەڵبژاردنەدا بەشدار بێت، زەرەرمەندی یەكەم دەبێت.

 

عەدالەت عومەر، راوێژكاری دەستەی ناوچە كوردستانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەشداریی لایەنە كوردستانییەكان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، زیانی زۆر بە كورد دەگەیەنێت، چونكە بە گوێرەی ماددەی ١٦ی نێو پڕۆژەیاسا ھەمواركراوەكەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، ئەوانەی ناسنامەی كەركووكیان نەبێت، ناتوانن دەنگ بدەن، بەڵام مەرجی داناوە بۆ ئەوانەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەیانگرێتەوە، كە بەو ھۆیەوە زیاتر لە ٦٠ ھەزار خێزانی عەرەبی ھاوردە مافی دەنگدانیان دەبێت، ئەمە لە كاتێكدایە لە ھەموو ھەڵبژاردنەكانی رابردوودا مافی دەنگدانیان نەبوو".

 

ئەو بەرپرسەی ناوچە كوردستانییەكان گوتیشی: "دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھەموو ئەو خێزانە عەرەبانە گەڕاونەتەوە كەركووك و لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ فایلیان ھەیە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر ژمارەیەكی زۆریان قەرەبوو كراونەتەوە و گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان لە پارێزگاكانی عێراق، بەڵام دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ كەركووك".

 

لەبارەی مەترسیی دەنگدانی ئەو عەرەبە ھاوردانە، عەدالەت عومەر دەڵێت: "جگە لەو ٦٠ ھەزار خێزانە، بە ھەزاران خێزانی دیكەی عەرەب لە تكریت و رومادی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر ھاتوونەتە كەركووك و لەوێ بەشداریی دەنگدان دەكەن، ئەوەش وا دەكات رێژەی دەنگدەری عەرەب بەرامبەر بە كورد زیاد بكات، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو كوردانەی ئاوارە بوونە بۆ ھەرێمی كوردستان، ناتوانن دەنگ بدەن".

 

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، ژمارەی دەنگدەرانی كەركووك یەك ملیۆن دەنگدەر بووە، بەڵام ئێستا دەستكاریی ئەو ژمارەیە كراوە لە بەرژەوەندیی عەرەبی شۆڤێنی، لەبەر ئەوە پێویستە كورد ھەڵوێست وەربگرێت و بایكۆتی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكات و ئەوانەشی لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە یاساكە داوە، بەرپرسیارێتیی مێژوویی ھەڵدەگرن".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار