"بە گوژمەی ١٠ ملیار دینار ڕێگا سەرەکییەکانی ھەولێر نۆژەن دەکرێنەوە"

هەولێر-KDP.info - بڕیارە ھەموو ڕێگا سەرەکییەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر نۆژەن بکرێنەوە و بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ھەولێریش ئاشکرای کرد، پڕۆژەکە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە و بڕیارە ١٠ ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگا سەرەکییەکان خەرج بکرێت.
ھونەر نووری، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کراوە و بڕیارە ١٠ ملیار دینار لە لایەن حکوومەتەوە خەرج بکرێت و بەو پارەیە ھەموو ڕێگاکانی سنووری ھەولێر ھەر لە سنووری مەخموورەوە تا حاجی ئومەران نۆژەن بکرێنەوە. پلانەکە پارێزگاکانی دیکەش دەگرێتەوە."
لەبارەی ڕێگای کۆیەوە، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ھەولێر گوتی: "ڕێگای کۆیە دوو بەشە، ڕێگا کۆنەکە ئێستا لەژێر جێبەجێکردندایە و چوار ملیار و نیۆ بۆ نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی خەرج کراوە، قۆناغی ڕێگای نوێش لە چوار قۆناغ پێک ھاتووە لەگەل تۆنێلی ھەیبەت سولتان، ھەر بەشێکیشی لە لایەن کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ دەکرێت."
ھونەر نووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یەکێک لەو پڕۆژانەیە کە ستراتیژییە و دەمێکە حکوومەت خەریکیەتی، تۆنێلی پیرمامە، کارەکانی بەڕێوە دەچن، بەڵام بەڵێندەر داوای پارەی کاش لە حکوومەت دەکات و ئومێد دەکەین وەزارەتی دارایی پارەی بۆ خەرج بکات و دوای خەرجکردنی پارە پڕۆژەی تۆنێلی پیرمام دەکرێتەوە."
قائید میرۆ




