٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەولێر.. دوو كەس بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیر كران

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  پاش ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە بوونی چەند ڕووداوێكی دزیكردن لە ناحیەی دارەتوو لە هەولێر، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوانە كردەوە و توانی ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشكرا بكات و دەستگیریان بكات.

 

(ڕائیدی پۆلیس/دڵشاد حەسەن محێدین)، بەرپرسی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی دارەتوو، لەو بارەیەوە بە میدیاكانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا لە بوونی چەند ڕووداوێكی دزیكردن لە ناحیەی دارەتوو ئاگادار كراینەوە، ئێمەش دەستبەجێ دۆسیەی لێكۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوانە كردەوە و توانیمان ناسنامەی تۆمەتباران ئاشكرا بكەین و دەستگیریان بكەین".

 

بە وتەی رائید دڵشاد، تۆمەتبارێكیان بە ناوی (س.س.ص) تەمەن (۱۸) ساڵ بە ڕەگەز عەرەب، هەروەها تۆمەتبارەكەی دیكە بە ناوی (ر.ا.ح) تەمەن (۱٦)ساڵ بە ڕەگەز عەرەب، دوای دەستگیركردنیان، دانیان بە تاوانەكانیاندا نا كەوا هەڵسابوون بە ئەنجامدانی (٦) تاوانی دزیكردنی پارە و مۆبایل لە ناحیەی دارەتوو.

بەرپرسی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی دارەتوو گوتیشی، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە ڕێك خراو ڕەوانەی بەردەم دادوەر كرا، بۆیە بەڕێزیان بڕیاری دا بە بەندكردنی تۆمەتباران بە پێی ماددە (٤٤۳) لە (ی.س.ع).

ئومێد بابان

 

هەواڵی پەیوەندیدار