حوسێن حەمەد: ئەمساڵ دوو ھەزار سەرپێچیی کارەبا بڕدراون
__2019_08_26_h15m44s53__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە دەستی بە جێبەجێکردنی سیستەمی زیرەک بۆ ڕاکێشانی کارەبا کردووە و، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێریش دەڵێ، سیستەمەکە پێشکەوتووە و پێویست بە ژمێریار ناکات.
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سیستەمی نوێی دابەشکردنی کارەبا لە ھەولێر دەستی پێ کردووە و تا ئێستا لە ژمارەک گەڕەکی ھەولێر پێوەری زیرەک کەوتووەتە واری جێبەجێکردن، لە ناوچەکانی پیشەسازیی باشوور و تایەفرۆشان و ڕاستی داندراوە و لە ژمارەیەک گەڕەکی دیکەش وەک شادی و دەروبەری لە جێبەجێکردندایە و ھیچ پارەیەکیش بەرانبەر بە دانانی پێوەری زیرەک لە ھاووڵاتیان و بەشداربووانی کارەبای نیشتمانی وەرناگیرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر دەڵێت: "سیستەمێکی پێشکەوتووە و لە داھاتوودا دەکرێ بکرێتە سیستەمی کارت، سیستەمەکە بە شێوەیەکە ڕاستەوخۆ زانیارییەکان دەگوزارێنەوە بۆ نێو سیستەمی کۆمپیۆتەر و ژمێریار ناچێتە ماڵی ھاووڵاتیان بۆ خوێندنەوەی پێوەری کارەبا."
حوسێن حەمەد ڕوونی کردەوە: "بە گوێرەی پلانی وەزارەتی کارەبا لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا سیستەمی زیرەک لە ھەموو ناوچەکان جێبەجێ دەکرێت و کار بە سیستەمی پێشوو ناکرێت، کە بەو ھۆیەوە کارەبایەکی زۆر دەگەڕێتەوە."
لەبارەی زێدەڕۆییی سەر کارەبای نیشتمانییەوە، حەمەد گوتی: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تیمەکانی ئێمە توانیویانە تا ئێستا زیاتر لە دوو ھەزار سەرپێچیکار، کارەبایان لێ ببڕن و ھاوکات بەردەوامیشن لە بڕینی ئەو کارەبایەی بە شێوەی زێدەڕۆ لە لایەن ھاووڵاتیانەوە ڕاکێشراوە."
قائید میرۆ




