لیزا كاكەیی: كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ وەزیری دارایی دواخرا

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی پارتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی لەبارەی چەند پرسێكی داراییەوە كۆدەبنەوە و، دوای نزیكبوونەوە لە كۆتایی داڕشتنەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی و بودجەی ساڵی 2020ـیش، لەگەڵ وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆدەبنەوە .
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، لەسەر داوای لیژنەی دارایی بڕیارە لەگەڵ سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی كۆببینەوە و ئەو پرسیارانەی لامان هەیە لەسەر ژمارەیەك بابەت ئاڕاستەی دەكەین، بۆ نموونە باجی كۆمپانیاكان".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستە ڕوو: "بڕیار بوو سبەی سێشەممە لەگەڵ وەزیری دارایش كۆببینەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا بۆ دوای نزیكبوونەوە لە تەواوبوونی داڕشتنەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی، كە حكوومەت كاری لەسەر دەكات، هەروەها پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ـیش، كە دوو پرۆژەی گرنگن و دەمانەوێت لە نزیكەوە زانیاریمان لەسەریان هەبێت".
نەشوان بەرزنجی




