بە گوژمەی 756 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە كەرتی بانكیی كوردستاندا كراوە

هەولێر-KDP.info- ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماری كۆی گشتیی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە كەرتی بانكەكان لە ماوەی نێوان 1-8-2006 تاكو 25-7-2019 بڵاو دەكاتەوە.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی كە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی داوە، دەردەكەوێت لەو ماوەیەدا 4 پڕۆژە لە كەرتی بانكەكان ئەنجام دراون، كە 3 پڕۆژەیان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەبەرهێنانی هەولێر و یەك پڕۆژەیان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەبەرهێنانی دهۆكەوە مۆڵەت پێ دراوە.
لەبارەی تێچووی پڕۆژەكانی كەرتی بانكەكانیش، دەردەكەوێت كە تەواوی پڕۆژەكان بە تێچووی حەوتسەد و پەنجا و شەش ملیۆن و شەشسەد و هەشتا هەزار دۆلار ئەنجام دراون.
لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 13 ساڵدا، لە كۆی گشتیی كەرتەكان، بە بەهای 51 ملیار و 560 ملیۆن دۆلار، 873 پڕۆژەی وەبەرهێنان لەسەر ڕووبەری 64979 دۆنم جێبەجێ كراوە.
هێدی كاكەیی




