٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەمڕۆ ٣١ ساڵ بەسەر ئەنفالی ڕەشی بادیناندا دەرباز دەبێت"

سەرچاوە: KDP.info

 

 

دهۆك-KDP.info-  بەر لە ٣١ ساڵ ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، بە ھاوکاریی دەزگای ھەواڵگری و پیاوانی بەعس لە ناوچەکە، ئەنفالی بادینانی ئەنجام دا و تێیدا زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی بوونە قوربانی. بەرپرسی سەنتەری ئەنفالیش ڕوونی کردەوە، ھێشتا کاریگەریی ئەنفالی ڕەشی بادینان بەسەر خەڵکەوە ماون.

 

عەلی بەندی، بەرپرسی سەنتەری ئەنفال لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ٣١ ساڵ بەسەر ئەنفالی ڕەشی بادیناندا دەرباز دەبێت، کە ڕژێمی ئەوکاتی عێراق لە ھەشت قۆناغی جیاوازدا لە ڕۆژی ٢٥ی ئاب دەستی پێ کرد و تا ٦ی ئەیلوول بەردەوام بوو، ئەنفالی بادینان بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو دواقۆناغی ئەنفالی گەلی کورد بوو کە کرا و تێیدا زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی دەڤەری بادینان زیندەبەچاڵ کران."

 

بەرپرسی سەنتەری ئەنفال دەشڵێت: "لە ئەنفالی بادیناندا جگە لە زیانی گیانی ٦٦٣ گوند خاپوور کران و ٧٩ ناوچە کەوتنە بەر شاڵاوی ئەنفالی بادینان و وێڕای ڕەشبگیری و لەناوبردنی ھاووڵاتیان چەکی کیمیایی تێیدا بەکار ھات و ژمارەیەک ھاووڵاتی بەو ھۆیەوە شەھید بوون."

 

لەگەل دەستپێکردنی شاڵاوەکانی ئەنفالی ڕەش بۆ سەر دەڤەری بادینان بە دەیان ھەزار ھاووڵاتی لە ھەموو پێکھاتە و تەمەن و ڕەگەزەکان ڕوویان لە سنوورەکانی نێوان عێراق و تورکیا کرد و بەشێک لەو ھاووڵاتیانە توانییان خۆیان بگەیەننە کەمپەکانی چەلێ و مێردین و چەندین ناوچەی دیکەی باکووری کوردستان، ئەوانەیشی مابوونەوە ڕژێم بەزۆرەملێ بۆ کۆمەڵگەی جەژنیکان و ناحیەی بەحرکەی نزیک ھەولێری گواستنەوە."

 

عەلی بەندی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە پڕۆسەکانی ئەنفال کاریگەریی زۆر خراپی کردە سەر دەروونی ھاووڵاتیانی ناوچەکە و تا ئێستاش کاریگەرییەکانی ھەر ماون، لەبەر ئەوەش، ئاسەواری ئەنفال زیانی زۆری بە خەڵکی کوردستان گەیاند."

 

ڕژێمی بەعس لە ئەنفالی بادینان چەندین چەکی قەدەغەکراوی بەکار ھێنا دژی ھاووڵاتیانی سڤیل کە کارەساتی زۆر جەرگبڕی تێدا بوو، وەک کیمیابارانکردنی ئەشکەوتی دەکان لەوکاتەی ئەشکەوتەکە پڕ ببوو لە ژن و منداڵ، ڕژێم چەکی کیمیاییی دژیان بەکار ھێنا."

 

بەندی گوتیشی: "نەمانتوانیوە سوود لەو کارەساتانە وەربگرین بۆ دیکۆمێنتکردنی ئەو ھەموو کارەساتانەی سەردەمی ڕژێمی بەعس بەسەر گەلی ئێمە ھاتوون و تێیدا دەیان ھەزار ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی، یەکێک لەوانە کارەساتی ئەنفالی بادینانە کە پێویستە ھاوشێوەی کارەساتەکانی دیکەی جیھان کاری لەسەر بکرێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار