٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری هەولێر: ھەموو پڕۆژە ڕاگیراوەکان تەواو دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ، یەکشەممە (٢٥-٨-٢٠١٩) پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای کرد، حکوومەتی ھەرێم خەریکی کۆکردنەوەی داتای پڕۆژە ڕاگیراوەکانە و دەشڵێ، بڕیارە کارکردن لە ھەموو ئەو پڕۆژانەدا کە بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە ڕاگیراون، دەست پێ بکاتەوە.

 

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان تێیدا ئامادە بوو ڕایگەیاند: "بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستانی داعشەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا قۆناغی دژوارمان بەڕێ کرد و بەھۆی شەڕی داعشەوە بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری ڕاگیران، بەڵام ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژە ڕاگیراوەکان و بڕیارە ھەموو ئەو پڕۆژانە تەواو بکرێن."

 

پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حکوومەت ھەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکردنی داتا و لیستی پڕۆژەکان و بڕیارە دوای تەواوکردنیان بەپێی پێویست دەست بە تەواوکردنی پڕۆژە ڕاگیراوەکان بکرێت، کە ژمارەیان لە ھەرێمی کوردستان ھەزاران پڕۆژە دەبێت."

 

پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھادی گوتی: "ئێستا قۆناغێکی نوێ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێ کردووە و ھەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەنێین، ئێمە چاوەڕێی ھەنگاوی باشتر لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانمان لەگەل بەغدا دەکەین."

 

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار