رۆژبەیانی: بڕیاری درووستکردنی لیژنەیەک بۆ ئاسایی کردنەوەی ناوچە کوردستانیەکان دەرچووە

ههولێر-KDP.info- بڕیارە لیژنەیەک لە پەرلەمانی کوردستان بەمەستی ئاسایی کردنەوەی رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بێت و سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانیش دەڵێ، ئەو لیژنەیە دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکات.
جوان رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە لایەن سەرۆکی فڕاکسیۆنەکانەکانی پەرلەمانەوە پێشنیارکراوە بۆ ئەوەی لیژنەیەکی تایبەت بۆ دانوستان و ئاسایی کردنەوەی رەوشی ناوچە کوردستانییەکان پێک بێت و بڕیاری درووستکردنی لیژنەکەش دەرچووە".
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت: "کار بۆ ئەوە دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو لیژنەیە پێک بێت و لەبارەی ئاسایی کردنەوەی رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە دانوستان بکەین لەگەڵ بەغدا".
جوان رۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، بەتایبەتی لە کەرکووک چەکدارانی داعش مەترسیان بۆسەر چەند ناوچەیەک درووستکردوە و، ئەگەر ڕەوشەکە بەوشێوەیە بێت دوور نابینین ھەندێ ناوچە بکەونەوە دەست تیرۆرستانی داعش، چونکە داعش جووڵەی زیادکردووە و لە بەرانبەردا حەشد و سوپای عێراق لاوازن".
قائید میرۆ




