ماڵپەڕی KDP كاتی گهیشتنی پڕۆژە یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمان ئاشكرا دهكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان دهڵێ، لە چەند رۆژی داھاتوودا پڕۆژە یاسای چاکسازی ئامادە دەکرێت و ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت، هەروەها لە سەرەتای مانگی دابێ خوێندنەوە بۆ شەش پڕۆژە یاسای دیکە دەکرێت.
بژار کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "حەفتەی رابردوو لیژنەی یاسایی لەبارەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کۆبووەتەوە و تێیدا بڕیار دراوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی دابێت دەست پێ بکرێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ شەش پڕۆژە یاسا بکرێت، کە بەشێک لەو پڕۆژانە پێشتر لە عێراق دەرکراون و، پەرلەمانی کوردستان دەیەوێ لە ھەرێمیش بەرکاریان بکات".
کۆچەر گوتیشی: "ئێمە لە قۆناغی داھاتوودا زیاتر گرینگی بەو پڕۆژە یاسانە دەدەین، کە له لایەن حکوومەتەوە پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێن، چونکە کابینەی حکوومەت کارنامەی خۆی ھەیە و ئەوان زیاتر دەزانن چ پڕۆژە یاسایەک زیاتر پێویستە بۆ خەڵکی کوردستان و جێ بەجێکردنی، لە لایەکی دیکەوە ئەو پڕۆژانەی حکوومەت ئامادەکاریان بۆ دەکات کێشەی داراییان کەمترە، لەبەر ئەوەی ھەر پڕۆژەیەک رەھەندی دارایی ھەبێت، پارە لای حکوومەتە و ئەوان پلانیان بۆ جێ بەجێکردنی ھەیە".
پەیوەست بە پڕۆژە یاسای چاکسازیش سەرۆکی لیژنەی یاسایی گوتی: "پڕۆژە یاسای چاکسازی یەکێکە لەو پڕۆژە یاسایانەی زیاتر بەرچاوە و بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەک پێک ھاتووە و، کەمتر لە مانگێکی دیکە پڕۆژە یاسای چاکسازی ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێت و پەرلەمان و حکوومەت پێکەوە ئامادەکاری بۆ دەکەن".
قائید میرۆ




