٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"یاسای گەشتوگوزار ھەموار دەکرێتەوە و چەندین کێشە چارە دەکرێن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمساڵ ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەرپرسێکی دەستەکەش ئاشکرای کرد، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپاردووە گیانی گەشتیاران پارێزراو بێت.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە یاسای گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر پەرە بە کەرتی گەشتیاری بدەین، بەتایبەتی ھەندێ کێشە و ئاستەنگ لەبەردەم گەشەکردنی کەرتی گەشتیاریدا ھەن کە بە ھەموارکردنەوەی یاساکە چارەسەر دەکرێن. لەوانەش، کێشەی زەوی لە ناوچە گەشتیارییەکان ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکاندا."

گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بە شێوەیەک کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە پێشبینییەکانی ئێمە گەشتیار ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە. بۆ نموونە، لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لەگەل ساڵانی ڕابردوو بەراورد ناکرێت."

لەبارەی پاراستنی گەشتیارانەوە ڕۆستی دەڵێت: "ڕاسپاردەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ھەیە بۆ ھەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی و شارەوانی، بۆ ئەوەی گیان و ژیانی ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، پارێزراو بێت. بەپێی یاساکەش ھەر کەسێک ڕەفتارێکی نەشیاو، یان دەستدرێژی بکاتە سەر ھەر گەشتیارێک، بەپێی یاسا سزا دەدرێت. ئەمەش کاریگەریی کردووەتە سەر کەمبوونەوەی ئەو ڕووداوانەی ڕووبەڕووی گەشتیاران دەبنەوە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار