"زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەربارەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک بەڕێوە دەچن"

کەرکووک-KDP.info- بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو زنجیرەیەک کۆبونەوە لە ھەولێر و بەغدا پەیوەست بە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک بەڕێوە بچن و بەرپرسێکی پارتییش پێی وایە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و گەڕانەوەی ئاوارەکان مەرجی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووکە.
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای جەژن دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی پرسی کەرکووکەوە دەستیان پێ کردووتەوە و بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان و بەغدا و تەنانەت کەرکووکیش چەند کۆبوونەوە دەربارەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک و دانانی پارێزگاری نوێ بەڕێوە بچن، کە ڕۆژانی داھاتوو دەست بەو زنجیرە کۆبوونەوانە دەکرێت."
پەیوەست بەوەی حکوومەتی عێراق لەگەڵ دانانی کاندیدی پارتی و یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک نییە، بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "ھێشتا ڕوون نییە، ئەو پرسە و کۆبونەوەکان دەستیان پێ نەکردووتەوە تا ھەڵوێستێکی وەھا لە حکوومەتی عێراق ببیستین."
دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حکوومەتی بەغداش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ڕەوشی ئێستای کەرکووک پێویستی بە ئاساییکردنەوە ھەیە. ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگا کۆ ببێتەوە دەتوانێت پارێزگارێک بۆ کەرکووک ھەڵبژێرێت، ئێمە دەڵێین پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیار لەبارەی ڕەوشی کەرکووکەوە بدات، نەک خەڵکی دیکە. بەلای ئێمەوە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک بەندە بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و گەڕانەوەی ئاوارەکان و، مەبەست لە ئاساییکردنەوە ئەوەیە."
قائید میرۆ




