حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبارەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕێك كەوتوون

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەر لە زووەوە داواكاریی كورد ئەوە بووە، كە پێویستە هەرێمی كوردستان نوێنەری لە شاندە عێراقییەكاندا بۆ دەرەوە هەبێت، ئێستاش حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبارەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕێك كەوتوون.
دانا جەزا، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "زۆر جار حكوومەتی عێراق دەرۆیشتە كۆبوونەوەكان لەسەر هەر ئاستێك بووایە بە بێ نوێنەری هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێمەش داوامان كرد هەرێمی كوردستان نوێنەری هەبێت".
ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"، رۆژی ٢٣ـی ٨ ـی ٢٠١٩ بڵاوی كردووەتەوە، حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێم لەسەر ئەوە ڕێك كەوتوون فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم، لەمەودوا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە هەموو كۆنگرە و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا ئەندامی لە شاندی فەرمیدا دەبێت.
جەزا ڕاشیگەیاند: "دەمانەویست ئەو پەیوەندییانەی دەرەوە بیروبووچۆنی كوردیش بزانن دەربارەی هەموو شتێك لە هەر بۆنە و كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتیدا، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی قوڵمان لەگەڵ وڵاتاندا هەبێت بە تایبەت لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە".
ناوبراو گوتیشی: "پشكداریكردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە كۆنگرە و بۆنە نێودەڵەتییەكاندا، هەنگاوێكی گرنگە".
كــاروان بــاعەدری




