٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP دوازانیاری لەسەر سەرژمێری لە عێراق و كوردستان بڵاو دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەغدا و هەولێر سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ سەرژمێری و بەرپرسێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانیش، باس لە دواگۆڕانكاریی قۆناغەكانی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و پێی وایە، هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا لەو بارەیەوە لە قۆناغێكی باشدایە.

بە بڕیارێكی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دامەزراوەكانی عێراق و دەستەی ناوەندیی ئاماری عێراق سەرپشك كراون بۆ ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2020 سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت. سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئامادەكاریی سەرەتایی لەو بارەیەوە كراوە، ئێستا لە قۆناغی كۆبوونەوە و بیروڕاگۆڕینەوەداین لەگەڵ بەغدا، چاوەڕوانیش دەكەین ئاستی كۆبوونەوەكان فراوانتر بكرێت، بۆ ئەوەی قەوارە و چوارچێوەی سەرژمێری بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بكرێت، هەروەها چاوەڕی دەكرێت دوو هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی دووەمی دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق ئەنجام بدرێت، یەكەم كۆبوونەوەش 3 مانگ پێش ئێستا بوو".

سیروان محەمەد گوتیشی: "سەرژمێری 3 قۆناغە، یەكەم: ئامادەكاری. دووەم: قۆناغی جێبەجێكردن. سێییەم: راگەیاندنی ئەنجام. وەك دەزانن ئەم سەرژمێرییە جیاوازە، چونكە ئەم جارە بە شێوەی ئەلیكتۆنی دەبێت بۆ ئەوەی كەموكورتی نەمێنێت. هەروەها بڕیارە ئەم جارە شێوازی زۆر پێشكەوتوو لە سەرژمێریدا پەیڕەو بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە ئەزموونی سەرژمێریی میسر و ئوردن وەردەگیرێت، كە لە ساڵی 2015 و 2017 و ئەنجامیان دا، ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمی عێراق سەردانی ئەم دوو وڵاتەمان كردووە و زانیاریمان لەو بارەیەوە دەست كەوتووە و وەختێكی كەممان ماوە بۆ ئامادەكاری، بۆیە دەبێت هەوڵەكان بۆ سەرژمێری چڕ بكرێنەوە".

ناوبراو راشیگەیاند: "دەستەی ئاماری هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەراتییەكان و وەزارەتەكان لەسەر خەتە بۆ ئەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری لە كوردستان دروست بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی و پەروەردە و وەزارەتەكانی دیكە بەشدارن و كە ئەم دەستەیە پێك هێنرا، دەتوانێت سەرپەرشتیی هەموو قۆناغەكانی سەرژمێری لە كوردستان بكات".

دەشڵێ: "رەنگە مانگی 11ی ساڵی 2020 سەرژمێری دەست پێ بكات".

 

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار