"ئەو ھاووڵاتیانەی بە ھۆی تۆپبارانی سنوورییەوە دەبنە قوربانی، بە شەھید ھەژمار دەكرێن"

هەولێر-KDP.info- ساڵانی رابردوو بە ھۆی تۆپباران و بۆردوومانی وڵاتانی ئێران و توركیا بۆ سەر خاكی ھەرێمی كوردستان، ژمارەیەك ھاووڵاتی شەھید بوون و لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیشەوە قوربانیانی سەر سنوور بە شەھید ھەژمار دەكرێن.
فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو ھاووڵاتیانەی ھەرێمی كوردستان، كە بە ھۆی بۆردوومان و تۆپبارانی وڵاتانی دەوروبەرەوە دەبنە قوربانی و شەھید دەبن، لەلایەن حكوومەتەوە بە شەھید ھەژمار كراون، ھەرچەندە ئێمە ئامارێكی دروستمان لە بەردەستدا نییە ژمارەی شەھیدانی ئاڵۆزییەكانی سەر سنوور چەندە، بەڵام ساڵانە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان بە ھۆی تۆپبارانی سنوورەكانەوە دەبنە قوربانی".
لە دوای راپەڕینەوە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان ناوە ناوە دەبنە ئامانجی تۆپباران و فڕۆكە جەنگییەكانی ھەردوو وڵاتی توركیا و ئێران و بەو ھۆیەوە ھاووڵاتیانی سڤیلی ھەرێمی كوردستان دەبنە قوربانی، بەپێی بەدواداچوونێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا ئێستا نزیكەی ٢٠٠ ھاووڵاتی ھەرێمی كوردستان شەھید بوونە.
فوئاد عوسمان، لەبارەی تۆماركردنی شەھید لە لایەن وەزارەتی شەھیدانەوە گوتی: "ھەر ھاووڵاتییەك مامەڵەی شەھیدی رادەستی وەزارەت بكات، ئەگەر لە چوارچێوەی یاسادا بوو، تۆمار دەكرێت و ئەگەریش بە ھۆی كێشەی تۆپباران و بۆردوومانەوە بێت، نووسراوی فەرمیی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت و بە بڕیارێكی تایبەت بە شەھید ھەژمار دەكرێن".
قائید میرۆ




