٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشیار سیوەیلی و شاندی كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا كۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار سیوەیلی، پێشوازی لە ئاندرۆ لێنتز، بەرپرسی كاروباری سیاسی و ئابووریی كۆنسووڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كرد.

سیوەیلی، بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان كرد بە بۆنەی وەرگرتنی بەرپرسیارییه‌تی نوێی و، دووپاتی هاوكاری و هەماهەنگیی كردەوە.

لە میانەی ئەو دیدارەدا، بەڕێز سیوەیلی باسی لە دواپێشهاتە سیاسی و ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ شاندی میوان كرد و ڕایگەیاند، كە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریی تەواو لە حكوومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ دەكات لە گەیشتن بە ڕێككەوتن، كە دەستوور بنەمای بێت و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت. لە ماوەی دەستبەكاربونی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم، چەند شاندێكی باڵا سەردانی بەغدایان كردووە بە مەبەستی گفتوگۆكردن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و فیدراڵ، ئێستاش چەند لیژنەیەك پێك دەهێندرێن بۆ بەردەوامبوون و گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە هەماهەنگی و هاوكارییەكانی نێوان هەردوولا بەهێزتر بكات.

دەربارەی ناوچە كوردستانییەكانی دەره‌وەی هەرێم، سیوەیلی جەختی كردەوە كە بەبێ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستور و ئەو ماددانەی دیكە، كە پەیوەندییان بەو ناوچانە و هەرێم و گەلی كوردستانەوە هەیە، ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا بەرپا نابێت، سەد ساڵی رابردووش ئەو راستییەی سەلماندووە، بۆیە دەبێ بە هەمووان و بە هاوكاریی هاوپەیمانەكانمان، هەوڵی تەواو بدەین بۆ چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانمان.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، باسی لە گرنگی و هەوڵی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ كردەوە بۆ بەڕێوەبردن و پێشكەشكردنی ئاسایش بۆ ئەو ناوچانەی كە دەكەونە سنووری ماددەی 140ی دەستوور، كە نابێت هیچ لایەنێك هەوڵی خۆسەپاندن و بەزۆر گۆڕانكاری دێمۆگرافی و مێژوویی بدات، بارودۆخی ئێستای ئەو ناوچانە سەقامگیر نییە و خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانە هەست بە ئارامی و ئاسایش ناكەن، ئەمەش وای كردووە كە پەنابەر و ئاوارەكان نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دووبارە دەست بە بنیادنانەوەی ژیانیان بكەن. گوتیشی: "داواكارین كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاریی هەولێر و بەغدا بكات بو چەسپاندنی ئاسایش و بە كەرامەت گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خویان".

لە درێژەی ئەو دیدارەدا، بەڕێز سیوەیلی باسی لە كاریگەرییەكانی ناوچەكە لەسەر هەرێمی كوردستان كرد بە تایبەتی رۆژئاوای كوردستان و هیوای خواست كە لایەنەكان هەموو بەشدار بن لە پاراستنی ئەمنیەت و بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە.

بەڕێز لێنتز، سوپاسی رەخساندنی ئەو دیارەی كرد و سوپاسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كرد بۆ هەماهەنگی و پەیوەندییە باشە لەگەڵ كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەیدا هەیەتی و داوای كرد، كە بەردەوام بێت.

بەڕێزیان ستایشی رۆڵی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە ماوەی پێنچ ساڵی رابردوودا توانییان لەگەڵ ئەو زەحمەتی و بارودوَخە سەختەدا پەنای سەدان هەزار لێقەوماو بدەن كە لە دین و مەزهەب و نەتەوەی جیاواز پێك هاتبوون بە بێ جیاوازی و بەرگری لە ئازادی بكەن و شەڕی دڕندەترین رێكخراو بكەن و گوتیشی: "ئێمە دووپاتی هاوپەیمانی و هاوكارییەكانمان بۆ گەل و حكوومەتی هەرێم دەكەینەوە و ئامادەی هەموو هاوكارییەكیشین لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان كە لە چوارچێوەی دەستووردا بێت".

راشیگەیاند، كە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە، پەیوەستە بە لێكتێگەیشتن و یەكترقبووڵكردن و كارپێكەوەكردن بۆ پاشەڕۆژێكی ئارام و باشتر و لەم چوارچێوەیەشدا حكوومەتی ئەمەریكا ئامادەی پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەكە.

هەواڵی پەیوەندیدار