٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جووتیار ئاکرەیی: حەفتەی دابێ ڕەنگە ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژارن ڕابگەیەنین

سەرچاوە: KDP.info

 


هەولێر-KDP.info- کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول و ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنیش دەڵێ، رەنگە حەفتەیەکی دیکە ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنین.

 

دکتۆر جووتیار ئاکرەیی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان خەریکی یەکلاکردنەوەی ئەنجامی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و تا حەفتەیەکی دیکەش ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردن کۆتایی نایەت، بەڵام پێشبینی دەکەین حەفتەیەکی دیکە ھەموو ئەنجامەکان بڵاو بکرێنەوە، چونکە ئێمە لە کۆمسیۆن تەنیا ٨٥%ی دەنگەکانمان ئاشکرا کردووە و ئەوەی ماویشە لە ژێر لێکۆڵینەوە و وردبینیدایە، تا یەکجاری دڵنیای نەبین ھەموو ئەنجامەکان ڕاناگەیەندرێن."

 

لەبارەی ئەو سندووقانەی قردێلەی سووریان پێوەیە و کۆمسیۆن دەیەوێ لە ڕێگەی یاساوە چارەنووسیان یەکلا بکاتەوە، ئەندامەکەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن ڕوونی کردەوە: "ڕانەگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی بەندە بە چارەنووسی ئەو سندووقانەوە، لەبەر ئەوەی نزیکەی ٢٠٠ سندووقی دەنگدان لە ناوچە جیاوازەکان قردێلەی سووریان لێ دراوە و دەبێ دڵنیا بین لەوەی ھەژمار دەکرێن یان نا."

 

دکتۆر جووتیار ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو، بەڵام ژمارەیەک سکاڵاش تۆمار کراون، بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەکان سکاڵاکان وەرگیراون و یەکلا دەکرێنەوە، لەگەل کۆتا بڕیار لەسەر سکاڵاکان پڕۆسەکە کۆتایی دێت و ئەنجامی حەقیقی و کۆتاییی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولیش بڵاو دەکرێتەوە."

 

بە پێی ئەنجامەکانی کۆمسیۆن کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە،  لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە و لە ئەنجامی ٨٥%ی دەنگەکان پارتی ٥٩٥٥٩٢ دەنگی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەدەست ھێنا.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار