سعوودیا و کوێت کۆمپانیاکانیان ڕەوانەی کوردستان دەکەن

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان دەڵێ، ھەردوو وڵاتی سعوودیا و کوێت بڕیاریان داوە کۆمپانیاکانیان ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکەن بە مەبەستی کارکردن لە کەرتی وەبەرھێنان و بازرگانیدا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بە ھۆی سزاکانی ئەمریکاوە ئێران ھاوردەکردنی ھەندێ کەلوپەلی بۆ دەرەوە قەدەغە کردووە.
شێخ مستهفا شێخ عهبدولرهحمان، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان ئاشکرای کرد: "بە ھۆی سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکاوە ئێستا ئێران ھاوردەکردنی ھەندێک بەرھەمی خۆی بۆ وڵاتانی دەرەوە ڕاگرتووە و بەو ھۆیەوە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا نرخی ھەندێ کەلوپەلی خۆراک بەرز بووەتەوە، بەڵام ئێمە بازرگانانی ھەرێمی کوردستانمان ڕاسپاردووە ڕێگەی دیکە بەکار بێنن بۆ ھاوردەکردنی کەلوپەلی ڕۆژانە و لە ڕۆژانی دابێ کێشەی گرانیی بازاڕ چارەسەر دەبێت."
سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەردوو وڵاتی سعوودیا و کوێت ھەموو کارئاسانییەکیان کردووە تا وڵاتەکانیان بەرھەمی پێویست ڕەوانەی کوردستان بکەن و ئێستا بەشێک لە بەرھەمی بازاڕی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەتی خۆراک، لە سعوودیا و کوێتەوە ھاوردە دەکرێت."
ئاماژەیشی دا: "ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاو کۆمپانیای سعوودیا ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و بڕیارە قەبارەی بازرگانی و وەبەرھێنانی سعوودیا و کوێت لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە، چونکە ھەردوو وڵات ڕۆڵیان دەبێت لە پێشخستنی کەرتی بازرگانی و وەبەرھێناندا."
قائید میرۆ




