٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی: رێژەی زۆری دەنگه‌كانمان جێی دڵخۆشییه‌.. زیاتر لە ٢٣٠ سكاڵاشمان تۆمار كردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیێنێت، دەیان سكاڵایان تۆمار كردوون و زیاترینیشیان لە سلێمانین. سوپاسی دەنگدارانی پارتییش دەكات.

 خەسرۆ گۆران، لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای كرد، وەكو پارتی زیاتر لە  ٢٣٠ سكاڵایان لە میانەی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا تۆمار كردووە و زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانین.

گۆران جەختیشی كردەوە، لە مافی خۆیان خۆش نابن و هەوڵیش دەدەن سكاڵاكانیان لە لایەن كۆمسیۆنەوە بە ئینسافەوە وەربگیرێن.

هێنانی رێژەیەكی زۆری دەنگ لە لایەن پارتییەوە، جێی دڵخۆشیی خەسرۆ گۆرانە، پێشی وایە تا رادەیەك نزیكە لە قورسایی پارتی، لەمەڕ بوونی بریكارەكانیشیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، ئاماژەی بە بوونی زیاتر لە حەوت هەزار بریكار كرد لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا.

"دەبێ سەرجەم لایەنەكان ئەنجامەكان قبووڵ بكەن، چونكە ئەوە دەنگی خەڵكە و هەر لایەنێك بە پێی مێژوو و كاری ئێستای خۆی بۆ هاووڵاتیان، دەنگی خۆی هێناوە و لەو نێوەندەیشدا لە هەڵبژاردنی گشتیدا پارتی بە تەنیا لەسەدا چلوپێنجی دەنگەكانی بە دەست هێناوە". گۆران وای گوت.

خەسرۆ گۆران، هەروەها سوپاسی سەرجەم خەڵكی كوردستانی كرد، لە نێویشیاندا دەنگدەرانی پارتی و هەموو بریكارەكانی دەزگای هەڵبژاردن و مەكتەبی هەڵبژاردنی لقەكان، كە بە ئەركی خۆیان هەستاون، سوپاسی رێكخستن و راگەیاندن و سەرجەم دامودەزگاكانی پارتییشی كرد، هیوایشی خواست هەڵبژاردن و دیاریكردنی نوێنەران شەفاف و بە شێوەی ئاشتیانە، ببێتە نەریتێكی جوانی هەرێمی كوردستان.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار