فراكسیۆنی پارتی، كشانه‌وه‌ی به‌ربژێره‌كه‌یانی بۆ پۆستی سه‌رۆكۆمار ڕاگه‌یاند

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌باره‌ت به پرسى پۆستى سه‌رۆككۆمارى عێراق، فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له په‌رله‌مانى عێراق به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاو كرده‌وه و تێیدا كشانه‌وه‌ی به‌ربژێره‌كه‌یان له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار ڕاگه‌یاند.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "له‌وكاته‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، كه باوه‌ڕمان به میكانیزمی دیموكراتیه‌ت و بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌یبینین و له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری عێراق تێبینی ده‌كه‌ین، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی رێككه‌وتنی نێوان كوتله كوردستانییه‌كان ناگونجێت".
جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه "ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه ئه‌وه‌یه، كه سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك كاندید رێك بكه‌ون بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، یانیش به هه‌ڵبژاردن له‌نێوان كوتله كوردستانییه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه، كه هه‌رگیز ئه‌مه رووینه‌دا''، ڕاشیگه‌یاندووه "هه‌ر بۆیه لێره‌وه راده‌گه‌یه‌نین، كه ئه‌و میكانیزمه له‌لایه‌ی ئێمه‌وه هه‌رگیز قابیلی قبووڵ نییه و له داهاتوودا هه‌ڵویستێكی روونمان له‌وباره‌یه‌وه ده‌بێت و ئه‌و لایه‌نانه‌ی رێككه‌وتنه‌كانیان پێشێل كردووه به‌رپرسیارێتی ئه‌و كاره‌یان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن".
فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، كه "له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه كشاندنه‌وه‌ی كاندیدی خۆمان له‌و پرۆسه‌یه راده‌گه‌یه‌نین".




