٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تا دۆخ ئاسایی نەبێتەوە، كۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجامیان نابێ

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info-  ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا و كۆبوونەوەكەیش بە بێ ئەوەی ھیچ بڕیارێكی تێدا بدرێت، كۆتایی هات. ئەندامێكی ئەنجوومەنیش دەڵێ، ئەنجوومەنەكە ناتوانێ ھیچ بڕیارێك بدات.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك فەرمی نەبووە و تەنیا كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری بووە، بۆیە لەو جۆرە كۆبوونەوانەدا ناتواندرێت بڕیار بدرێت، چونكە كۆبوونەوەی فەرمی نین و تەنیا ھەندێك راسپاردە دەركراون".

حەسەن گوتیشی، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی فەرمی بكرێت، پێویستە سەرۆكی ئەنجوومەن ئامادە بێت، چونكە بە بێ سەرۆك ناتواندرێت كۆبوونەوەی فەرمی بكرێت، بۆیە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ راوێژكاری بوو.

باسی لەوەش كرد، پێویستە رێككەوتن بكرێت بۆ ئەوەی دەستەیەكی نوێی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن دیاری بكرێت و دواتر پارێزگاری نوێ دیاری بكرێت، كە ئەمەش بەو جۆرە نابێت و پێویستی بە رێككەوتنی لایەنەكان ھەیە.

لای خۆشیەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دڵشاد پیرۆت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەن، بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان كردووە و بەشداری لە ھیچ كۆبوونەوەیەكدا ناكەن كە رێككەوتنی پێشوەختەی لەسەر نەبێت، چونكە ئێمە بەو شێوەیە ناچینە كەركووك و بەشداری لە كۆبوونەوەكاندا ناكەین".

پیرۆت گوتیشی، ئەو جۆرە كۆبوونەوانە دەمێكە ھەوڵیان بۆ دەدرێت و ھیچ ئەنجامێكیان نابێت، چونكە ئەوانەی ئەو ھەوڵە دەدەن، بۆ ئەوەیە پارێزگاری نوێ دیاری بكەن، بەڵام ئەم كارە ئەستەمە بكرێت بە بێ ئەوەی رێككەوتن بكرێت.

بڵند ئیبراھیم  
 

هەواڵی پەیوەندیدار