یەكێتیی ئەورووپا پیرۆزبایی هەڵبژاردنەکە دەکات و، بە پشتیوانێكی بەهێزی كوردستان دەمێنێتەوە

هەولێر-KDP.info- یەكێتیی ئەورووپا، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی ئاشتیانە بەرز دەنرخێنێ و بە پێویستیشی دەبینێ ئەنجامەكەیشی پەسەند بكرێت.
یەكێتیی ئەورووپا، رۆژی دووشەممە (1-10-2018)، لە راگەیێندراوێكدا لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا دەڵێ، هەڵبژاردن دەرفەتێكی رەخساند بۆ ئەوەی خەڵك تێیدا مافە دیموكراتییەكانیان پیادە بكەن.
لە راگەیێندراوەكەدا کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو یەکێتییە، دلاوەر ئاژگەیی بڵاو کراوەتەوە، یەكێتیی ئەورووپا هەروەها ئاماژەیشی داوە، گرینگە كە هەڵبژاردنەكە بە شێوەیەكی رێكخراو و ئاشتیانە بەڕێوە چووە و، پێویستە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەیش لەلایەن هەموو پارتەكانەوە پەسەند بكرێت.
یەكێتیی ئەورووپا راشیگەیاندووە، یەكێتییەكەیان وەك هاوبەشێك و پشتیوانێكی بەهێزی كوردستان دەمێنێتەوە و، دەیەوێت كار لەگەڵ حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستاندا بكات.




