د. بەشیر حەداد: چانسی كاندیدی پارتی زیاترە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار

بەغدا-KDP.info- جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی، گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو شاندی پارتی و یەكێتی و لایەنە عێراقییەكاندا بەردەوامە بۆ ئەوەی تا پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان بگەنە رێككەوتنێك و كورد یەك كاندیدی ھەبێت، بەڵام تاوەكو ئێستا رێككەوتن نەكراوە و ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، ئەو پرسە لە پەرلەمان یەكلا دەكرێتەوە، ئەو كاتیش چانسی كاندیدی پارتی زیاترە ئەو پۆستە وەربگرێت.
سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، د. بەشیر خەلیل حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەعات یەكی پاشنیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە و تێیدا پۆستی سەرۆككۆمار یەكلا دەكرێتەوە، چونكە ھیچ كاتی دیكەمان لە بەردەستدا نەماوە و پێویستە ئەمە یەكلا بكرێتەوە".
د. بەشیر گوتیشی: "گفتوگۆكان بەردەوامن لە نێوان لایەنەكان و شاندی پارتی و یەكێتییش لە بەغدا، كە گفتوگۆ لە نێوان خۆیان و لایەنەكانی دیكەیشدا دەكەن بۆ گەییشتن بە رێككەوتنێك، بۆ ئەوەی كورد یەك كاندیدی ھەبێت و بە چەند كاندیدێك نەچنە ناو ھۆڵی پەرلەمانەوە".
دەشڵێ: "بە پێی ئەو گفتوگۆیانەی كراون، چانسی كاندیدی پارتی زیاترە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار، بەڵام پڕۆسەی دەنگدانەكە نھێنییە، بۆیە دیار نییە كامە كاندید سەركەوتن بەدەست دێنێت، ئەگەر تا ئەو كاتە لایەنەكان لەسەر یەك كاندید نەگەنە رێككەوتن".
بڵند ئیبراھیم




