٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی ٢١٨ سکاڵای تۆمار کردووە و زۆربەشیان لە سلێمانی بوونە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی یاساییی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی دەنگدان ٢١٨ سکاڵای جۆراوجۆری تۆمار کردووە و زۆربەشیان لە سنووری سلێمانی بوونە، چونکە لەوێ ساختەکاری زۆر کراوە و لە بریکارەکانی پارتی دراوە و برینداریان کردوون و تا ئێستاش بریکارێکی پارتی لە زینداندایە.

 

بەرپرسی بەشی یاساییی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھاوار نێروەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی دەنگدان لە ھەموو ناوچە و پارێزگاکانی ھەرێم سکاڵای تۆمار کردووە، بە جۆرێک لە سلێمانی ١١٦ و لە ھەڵەبجە ٣٦ و لە گەرمیان ٤٩ و لە ھەولێر ٥ و لە دھۆک ٢ سکاڵای تۆمار کردووە."

 

ھاوار نێروەیی گوتیشی: "سکاڵاکان چەندین جۆرن، لە سنووری سلێمانیش زیاتر لەبارەی ساختەکارییەوە تۆمار کراون، چونکە لەو سنوورە ساختەکارییەکی زۆر ئەنجام دراوە و دوو جار دەنگ دراوە و دوو بریکارمان بریندار بوون و لە بریکارەکانی ئێمە دراوە و تا ئێستاش بریکارێکی ئێمە لە زیندانی ئەواندایە."

 

نێروەیی باسی لەوەش کرد: "بە پێی ئەنجامە بەراییەکان و پێشبینیی ئێمە چاوەڕێ دەکرێت ٤٢ تا ٤٥ کورسی بەدەست بێنین، ئەمەش بەراورد بە جاری ڕابردوو دەنگی ئێمە زۆر زیادی کردووە."

 

نێروەیی باسی لەوەش کرد: "لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ھەموو ناوچەکانی دیکە دەنگی ئێمە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تەنیا لە نێو سەنتەری سلێمانی ٢٥ ھەزار دەنگمان بەدەست ھێناوە و لە ڕانیەش ١٥ ھەزار دەنگمان بەدەست هێناوە."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار