تۆڕی چاو: لە دھۆک پڕۆسهكه بێ كێشهیه و ڕێژەی بەشداری لە بەرزبوونەوەدایە

دهۆک -KDP.info- چاودێرانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن ڕوونی دەکەنەوە لە سنووری پارێزگای دھۆک ھیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە لە لایەن چاودێرانەوە و سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکانیش پێی وایە، لە کاتژمێرەکانی دابێ ڕێژەی بەشداری زۆر زیاد دەبێت.
کاوە عەبدولعەزیز، سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تۆڕی چاو ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدان ٨٦٠ چاودێری لە سەرتاسەری پارێزگای دھۆک بەسەر بنکەکانی دەنگداندا دابەش کردووە و بە وردی چاودێریی پڕۆسەکە دەکەین و لە پارێزگای دھۆک تا ئێستا ھیچ کێشەیەک ڕووی نەداوە و پێشێلکاری تۆمار نەکراون، پێمان وایە ئەمە پاکترین ھەڵبژاردنە دەکرێت و ڕێوشوێنی توند گیراونەتە بەر بۆ ئەوەی ڕێگە لە ساختەکاری بگیرێت."
کاوە عەبدولعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەرەڕای ئەوەی بە پێی زانیاریی کۆمسیۆن ڕێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان وەک پێویست نییە، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین لە سێ کاتژمێری دابێ زۆرترین دەنگدەر سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن، چونکە خەڵک بە ھۆی ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆنەوە سەرقاڵی ئەوەن ھەموو بەڵگەنامەکانی پێویست لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ دەنگدان."
قائید میرۆ




