ڕێژهی دهنگدان، لە سۆران 60%، مێرگەسۆر75%، رواندز60% و چۆمان 50%ی تێپهڕاندووه

سۆران-KDP.info- ئێستا قەرەباڵغییەكی زۆر لەبەردەم بنكەكانی دەنگداندا لە سنووری قەزاكانی دەڤەری سۆران هەیە و، تا سهعات 3ی دوانیوەڕۆ، لە سۆران 60%، مێرگەسۆر75% رواندز60% و چۆمان 50%ی هاووڵاتیان بەشدارییان لە پڕۆسهی هەڵبژاردندا كردووە و چاوەڕوان دەكرێت ئەو رێژەیە بەرزتر ببێتەوە.
ئیبراهیم جەلال، بەرپرسی بنكەی لاوەكیی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تا دێت خەڵك زیاتر روو لە بنكەكانی دەنگدان دەكەن، ئێستا قەرەبالغییەكی زۆر لەبەردەم بنكەكانی دەنگداندا هەیە، لە بەیانی قەرەباڵغتر بووە، ئەوەش وایكردووە كە رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان بەرز ببێتەوە، كە تا سهعات ٣ی ئێوارە گەیشتووەتە 60% تا ئێوارەش رێژەكە زۆر زیاتر دەبێت لە سۆران و دەوروبەری.''
لە مێرگەسۆر، رواندز و چۆمانیش ئێستا قەرەباڵغییەكی زۆر لەبەردەم بنكەكان دروست بووە و، هاووڵاتیان دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك بێت دەنگی خۆیان بدەن، بە گوتەی بەرپرسانی كۆمسیۆن لەو سێ قەزایە، رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان زۆر باشە، بە شێوەیەك لە مێرگەسۆر گەیشتووەتە سەرووی 75%، لە رواندز 60% و لە چۆمانیش 50%، خولەك لە دوای خولەكی~س ئەو رێژەیەك بەرزتر دەبێتەوە.
ئەو هاووڵاتیانەی دەنگیان داوە، داوا لەو هاونیشتیمانیانه دەكەن كە تا ئێستا دەنگیان نەداوە، بە زووترین كات روو لە بنكەكانی دەنگدان بكەن و دەنگی خۆیان بدەن.
بەشار موخلیس، هاووڵاتیەكی سۆرانە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەیانی زوو بوو دەنگی خۆم دا، داوایش لە هەموو دەنگدەران دەكەم ئەوانەی تا ئێستا دەنگیان نەداوە، بڕیاری خۆیان بگۆڕن و دەنگی خۆیان بدەن، چونكە بە دەنگەكانیان چارەنووسی خۆیان دیار دەكەن".
تەها مستەفا، هاووڵاتیەكی دیكەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دهڵێ: "ئێمە 5 كەسین لە ماڵەوە و دەنگی خۆمان داوە، دەنگمان بە لیستی پاراستنی كوردستان داوە، داوایش لە دەنگدەران دەكەم بۆ كوردستانێكی بەهێز و ئاوەدانی زیاتر روو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگی خۆیان بدەن".
ڕابین شێروانی




