لە چەمچەماڵ ھەوڵی ساختەکاری دەدرێت

چەمچەماڵ -KDP.info- لە سنووری قەزای چەمچەماڵ پڕۆسەی دەنگدان بەردەوامە و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، ھەوڵ دراوە ساختەکاری بکرێت، بەڵام بریکارەکانمان چاوکراوەن و ڕێگریمان کردووە.
لوقمان شوانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە پڕۆسەی دەنگدان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ وەک پێویست نییە، چونکە تا نیوەڕۆ ٢٥%ی دەنگدەران دەنگیان داوە، ھۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ململانێیەکی ناشەریفانەی حزبی لە چەمچەماڵ ھەیە و کاریگەریی لەسەر ھاووڵاتییانی سنوورەکە کردووە."
بەرپرسەکەی پارتی ئاشکرای کرد: "پڕۆسەکە تا ڕادەیەکی بە ئاسایی بەڕێوە دەچێت لە قەزای چەمچەماڵ، بەڵام نایشارینەوە ھەوڵی ساختەکاری دراوە لە لایەن لایەنێکی سیاسیی دەستەڵاتدارەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگریمان کردووە و ڕێگە نادەین ساختەکاری بکرێت."
لوقمان شوانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیارەکانی شەوی ڕابردووی کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، کاریگەریی لەسەر ڕێگریکردن لە ساختەکاری ھەبووە و ئەگەر بڕیارەکان نەدرابان، ئەوا گومانی زۆر ھەبوو پڕۆسەکە بە شێوەیەکی بەرچاو ساختە بکرێت."
قائید میرۆ




