پۆلیسی هەولێر: لە سەرجەم بنكەكاندا ڕێوشوێنی ئەمنی گیراوەتە بەر

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، بە هەماهەنگیی ئاساییش و هێزە ئەمنییەكانی دیكە، لە سەرجەم بنكەكانی دەنگداندا ڕێوشوێنی پێویستی ئەمنییان گرتووەتە بەر و، ڕێگری لە هەر جۆرە ساختەكارییەك دەكەن.
لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هاوئاهەنگیی ئاساییش و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكە، لە سەرجەم بنكەكانی دەنگداندا لە هەولێر و دەوروبەری، ڕێوشوێنی پێویستی ئەمنی گیراوەتە بەر".
لیوا عەبدولخالق، گوتیشی: "تا ئێستا پڕۆسەكە زۆر بە باشی و شارستانیانە بەڕێوە دەچێت و ڕێگرییش لە هەر جۆرە ساختەكارییەك كراوە، تا نموونەیەكی جوانی دیموكراسی پێشانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بدەین".
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، داوایشی لە هاونیشتمانیان كرد لە بازگەكاندا هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بن، تا كەس لە دەنگدان بێبەش نەبێت.
ئومێد بابان




