یوئێن: پشتیوانیی بڕیارەكەی كۆمسیۆن دەكەین

هەڵەبجە-KDP.info- جێگری نوێنەری سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ، ئەگەر بڕیارەكەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی كوردستان لەبارەی بردنی رەگەزنامە و ناسنامە بۆ ڕێگەگرتن بێ لە ساختەكاری، ئەوان بە باشی دەزانن.
لیزا گراندی، جێگری نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە پارێزگای هەڵەبجە سەردانی چەند بنكەیەكی دەنگدانی كرد و لەبارەی كۆتا بڕیاری كۆمسیۆن، كە ئێوارەی دوێنێ ڕایگەیاند، پێویستە دەنگدەر هەردوو بەڵگەنامەی رەگەزنامە و ناسنامەی پێ بێت، ئەوكات دەتوانێت دەنگ بدات، لە لێدوانێكیدا بۆ مێدیاكان گوتی: "ئەگەر كۆمسیۆن پێی وایە بڕیارەكەی بۆ ڕێگرتنە لە ساختەكاری، ئەوا بە كارێكی باشی دەزانین.
ئەوەش لە كاتێكدایە، كە دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەكەی كۆمسیۆن، تەنیا لایەن کە دژی ئەو بڕیارەی کۆمسیۆن بوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، وێڕای ئەوەی ئەو حیزبەش ئەندامی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
ئەمڕۆش بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو بڕیارەیان دژی یاسا نییە و بۆ رێكخستنی پڕۆسەكەیە.
كاتژمێر ٨ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە ٣٠ـی ئەیلوولی ٢٠١٨، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێ كرد و بڕیارە تا كاتژمێر ٦ـی ئێوارە بەردەوام بێت.
خێڵان بەختیار




