ئەنجوومەنی كۆمسیاران: گرینگە ھاووڵاتیان دوو بەڵگەنامە بۆ دەنگدان ببەن

دھۆك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ڕایگەیاند، پرۆسەی ھەڵبژاردن بێ گرفت بەڕێوە دەچێت و، گرینگە ھاووڵاتیانیش رەچاوی رێنماییەكانی كۆمسیۆن بكەن و دوو بەڵگەنامە لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ دەنگدان، بۆ ئەوەی ھیچ كەسێك بێبەش نەبێت.
جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بنكەكانی دەنگدان لە وادەی خۆیدا كراونەتەوە و ھیچ گرفتێكیان نەبووە، خەڵكیش پۆل پۆل ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەن و بە ئارامی و بێ گرفت دەنگی خۆیان دەدەن".
عادل گوتیشی: "گرینگە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان رەچاوی ئەو رێنماییانە بكەن كە كۆمسیۆن دەریكردوون و بەڵگەنامەكان بۆ دەنگدان ببەن، كە ئەوانیش بریتین لە ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی، یاخود پاسپۆرت، یانیش كارتی نیشتیمانی، بۆ ئەوەی ھچ كەسێك لە پرۆسەی دەنگدان بێبەش نەبێت".
دەشڵێ، ئەو رێێماییانە ھیچ كاریگەرییان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان نەبووە و، زۆر بە باشی پرۆسەكە بەڕێوە دەچێت.
بڵند ئیبراھیم




