٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەنگدەرانی مێرگەسۆر: پرۆسەكە بە ئارامی بەڕێوە دەچێ

سەرچاوە: KDP.info

 

مێرگەسۆر-KDP.info- پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی زۆر باش و جوان بەڕێوە دەچێت و هیچ كێشەیەك نییە، هاووڵاتیانیش لە ماوەی خولەكێكدا دەتوانن دەنگ بدەن، كە ئەمەیش خۆشحاڵی كردوون.

زاهیر شەمسەددین، كە لە قوتابخانەی گۆڕەتوو لە مێرگەسۆر دەنگی دا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پێش كردنەوەی بنكەی دەنگدان بە رووی دەنگدەراندا، من لەو بنكەیە ئامادە بووم، نەك هەر من، بەڵكوو خەڵكێكی زۆر لە بەردەم بنكەكەدا ئامادە بوون بۆ ئەوەی دەنگ بدەن، ئێستا دەنگی خۆم داوە و داوایش لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم دەنگ بدەن و چارەنووسی خۆیان بە دەستی خۆیان دیاری بكەن".

رۆستەم خدر، كە لە قوتابخانەی مێرگەسۆر دەنگی داوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "بە خۆشحاڵییەوە هاتووم دەنگ بدەم و دەنگی خۆیشم دا، دەنگم بەو حزبە دا كە كوردستانی پاراستووە، لە داهاتوویشدا هەر كوردستان دەپارێزێت، داوایش لە خەڵك دەكەم ئەگەر بیانەوێت هەر بە ئازادی بژین و بە مافەكانی خۆیان بگەن، دەنگ بە حزبێك بدەن كوردستانێكی بەهێز بنیات بنێت".

سەرهەنگ رەسووڵ، گەنجێكی مێرگەسۆرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆر جیاوازە لە هەڵبژاردنی پێشوو، پرۆسەكە زۆر بە ڕێكوپێكی بەڕێوە دەچێت و هەموو لایەك لەگەڵ یەكدی هاوكارن بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كەمدا زۆرترین هاووڵاتی دەنگ بدەن".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار