٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ کوردستان بڕیار دەدات..هەڵبژاردنی گشتیی دەستی پێکرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ئێستا بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەرانی کوردستان کرانەوە و دەنگدانی گشتیی دەستی پێکرد..ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بڕیار دەدات و نوێنەری خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێرن.

ئێستا بنکەکانی هەڵبژاردن بەڕووی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان کرانەوە و دەنگدانی گشتیی دەستی پێکرد، ئەمڕۆ ٣٢ لیست و هاوپەیمانی لە هەرێمی کوردستان دەچنە کێبرکێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و خەڵکی کوردستان نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن.

تەواوی ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ لە هەر چوار پارێزگای کوردستان، هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەنگ دەدەن، ژمارەیان 2 ملیۆن و 914 ھەزار و 992 کەسە لە ھەولێر ملیۆنێك و 36 ھەزار و 414 كەس مافی دەنگدانیان ھەیە و لە پارێزگای دھۆك 677 ھەزار و 797 دەنگدەر و لە سلێمانیش ملیۆنێك و 134 ھەزار و 760 دەنگدەر و لە ھەڵەبجە 66 ھەزار و 16 كەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

لە هەرێمی کوردستان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەزار و 260 بنکەی دەنگدانی کردووەتەوە، کە دەکاتە 5 هەزار و 933 وێستگەی دەنگدان، هەروەها 42 هەزار و 170 فەرمانبەر سەرپەرشتی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەن. هەروەها 773 کاندید لە لیستە جیاوازەكان کێبڕكی لەسەر بوون بە ئەندامی پەرلەمان دەکەن، کە لەنێویاندا 532 پیاو و 241 ئافرەت هەن.

پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسی پێکدێت، لەو ژمارەیەشدا 11 کورسی بۆ پێکهاتەکان دابینکراوە، بەشێوەیەك کریستیانەکان 5 کورسی، تورکمانەکان 5 کورسی و کورسییەکیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن. بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان رێژەی 31% بۆ ژنان لە پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.

كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی تایبەت و گشتییدا ھەیە 3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەسە، لەنێو ئەو ژمارەیەشدا 174 هەزار و 148 دەنگدەری تایبەت هەن. كە رۆژی 28/9/2018 ھەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەچوو، ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان دەنگیاندا. 

دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی کۆمسیۆن بڕیاری هەڵبژاردنی داو ئەمڕۆی وەک رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم حزب پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاری کراوی خۆی کرد و پابەندبوو بە بڕیاری حکوومەت.

 

ئەگەرچی هەندێ لایەنی سیاسی دەیانویست هەڵبژاردن دوابخرێ، بەڵام پارتی بواری ئەوەی نەدا و لە تەواوی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە راشکاوی رایگەیاند کە دەبێ هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێ.

 

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان وێستگەیەکی  دیکەی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستان دەنەخشێنن و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیش کابینەی نوێی حکوومەت پێکدەهێنرێ.

هەواڵی پەیوەندیدار