لە کۆیە خروقات کرا..لە پێشمەرگە و بەرپرسی ناوچەی پارتی دراوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی ناوچەی کۆیە دەڵێت، لە بنکەیەکی دەنگدانی کۆیە ئاسایش و پێشمەرگەی سەر بە لایەنێکی سیاسی ڕێگا نادەن دەنگدەرانی تایبەت بە ئازدانە دەنگی خۆیان بدەن و یەک یەک سەیری فۆرمی دەنگدانەکەیان دەکەن و خواستیان نەبێت فۆرمەکە دەدرێنن و پووچەڵی دەکەنەوە، هاوکات لە بەرپرسی ناوچە و پێشمەرگەکان دراوە.
هیوا ئەحمەد، بەرپرسی لقی 24ی سەفین بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "لە كۆیە پێشمەرگەیەك چووە دەنگ بدات، كە زانیویانە پارتییە كارتی دەنگدانی لێ وەرگیراوە و لەبەرچاوی خۆی كارتەكەیان دڕاندووە، ئەویش تووڕە بووە دواتر بە سێ كەس پاڵیان پێوە ناوە و كراوەتە دەرەوە، دواتر چووەتە ناوچە، بەرپرسی ناوچەش تەلەفۆنی بۆ قایمقام كردووە، قایمقامیش گوتوویەتی، وەرە بنكەی دەنگدان منیش لەوێ دەبم، بۆ ئەوەی بزانم كێشە چییە، كە چووە لەوێ بە 20 ئەفسەر و پۆلیس لە بەرپرسی ناوچە و پێشمەرگەكە دراوە، هەتا كلاشینكۆفیان لێ ڕاكێشاوە، مەكتەبی سیاسیمان ئاگادار كردووەتەوە و دەیانەوێت پرۆسەكە تێك بدەن، ئێمەش دەمانەوێت پرۆسەكە بەردەوام بێت، ئەوان دەیانویست سكاڵا تۆمار بكەن، بەڵام كارتی سكاڵایان نەهێشتووە لەو بنكەیە، بۆ ئەوەی لایەنەكان نەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن."
بەرپرسی لقی 24ی سەفین ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لایەنێکی سیاسی كۆیەی كۆنتڕۆڵ كردووە، ناهێڵن كەس دەنگ بدات، لە هەموو وێستگەكان ئاسایش دانراوە و سەیری كارتەكان دەكرێت بۆ ئەوەی بزانن دەنگی بە كێ داوە، هەرچی بەم لایەنە سیاسییەی نەدابێ کە لەوێ دەستی بەسەر کۆیە داگرتووە، كارتەكە دەدڕێنن".
بەرپرسی ناوچەی کۆیە چەتۆ حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە بنکەی قوتابخانەی مەلای گەورەی کۆیە لە ڕێگای ھەرمۆتە، پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی سەر بە لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی لە نێو بنکە و وێستگەکان، بڵاوەیان پێ کراوە و ناھێڵن پێشمەرگەکان بە ئازادی دەنگی خۆیان بدەن و دانە بە دانە سەیری فۆرمی دەنگدانەکەیان دەکەن، بزانن ئەو پیشمەرگەیە دەنگی بە چ لایەنێکی سیاسی داوە."
ئەو بەرپرسەی ناوچە گوتیشی: "پیشمەرگەیەکی بارەگای ناوچە کە سەر بە زێرەڤانییە دوای سەیرکردنی فۆڕمەکەی کە دەنگی بە پارتی دیموکراتی کوردستان داوە وەرەقەکەیان لێ دڕاندووە و نەیانھێشتووە بیخاتە نێو سندووقی دەنگدانەوە، چونکە خواستی ئەو لایەنەی ئەوان نەبووە، کە دواتر قایمقامی کۆیەمان لێ ئاگادار کردەوە لە ھەمان بنکە ئەوانیش ھەر ھەوڵی ئەوە دەدەن کە پێشمەرگەکان دەنگ بە لایەنێکی دیاریکراو بدەن کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە، لێمان بووە بە دەمەقاڵی و لێکدان و ڕێگریکردنمان لە دەنگدان."
پەیوەست بەم بشێوییە و نەبوونی ئازادیی دەنگدەرانی تایبەت، شیروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆمسیۆن لە ھەر بنکەیەک کە ئاگادار بکرێنەوە بشێوی تێدایە و بە ئازادانە دەنگەکانی خۆیان نادەن ئیجرائاتی یاسایی دەگرێتە بەر بەرانبەر ھەر کارێکی وا کە بە ئازادانە نەتوانرێ دەنگدەرانی تایبەت دەنگی خۆیان بدەن و ناچار بکرێن دەنگ بە لایەنێکی دیاریکراو بدەن."
زرار گوتیشی: "کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ کۆمسیۆن کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی دەبێت و ھەر کارێکی نابەجێ و دوور لە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن ئەنجام درابێت، ڕایدەگەیەنین و ئیجرائاتی خۆمان دەکەین و بەری پێ دەگرین."
ڕابین شێروانی- فایزە کۆیی




