٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن: پرۆسەی دەنگدان لە هەولێر باش بەڕێوە دەچێت..٥ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێری پرۆسەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم دیاری كرد، تا ئێستا هیچ كێشەیەك نییە و پرۆسەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای هەولێر بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ ئەوەی لە هەولێر 25 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی، لەگەڵ 5 ڕێكخراوی نێودەوڵەتی خۆیان تۆمار كردووە و چاودێری پرۆسەكە دەكەن.


ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بە گوێرەی ئەو پلانەی كۆمیسیۆنی باڵای هەرێمی كوردستان دایناوە، ئەمڕۆ خۆشبەختانە لە كاتژمێر 8ی بەیانییەوە بنكەكانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەرانی تایبەتدا كراونەتەوە، ئەوەی تایبەت بێت بە پارێزگای هەولێر 41 بنكەی دەنگدان لە سەنتەری شاری هەولێر و قەزاكان هەیە، سەرجەم بنكەكان لە كاتژمێر 8 كراونەتەوە، بێ ئەوەی هیچ كێشەیەكی تەكنیكی هەبێت، سەرجەم پێداویستییەكان دابین كراون و هیچ كێشەیەك نییە و بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو دەنگدان بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوە دەچێت."

بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "داوا لە دەنگدەران دەكەین پەلە نەكەن و تا كاتژمێر 6ی ئێوارە هەموو دەتوانن دەنگ بدەن، بۆیە پێویست ناكات پاڵەپەستۆ لە بنكەكانی دەنگدان دروست بكرێت، بۆیە داوایان لێ دەكەین هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوە بچێت، هەروەها داوامان كردووە بۆ دەنگدان پاسەپۆرت، كارتی نیشتمانی، یان جنسییەی عێراقی لەگەڵ خۆیان ببەن، هەر دەنگدەرێك یەكێك لە ئەوانەی پێ نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، داواش لە كارمەندانی خۆمان دەكەین ڕێكارەكان وەكو خۆیان جێبەجێ بكەن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە، بۆیە داوایان لێ دەكەین جگە لە كۆمیسیۆن ڕێنمایی لە هیچ كەس و لایەنێك وەرنەگرن، هەروەها داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم كە چۆن لەگەڵ ئێمە هاوكار بوونە، هەر لەگەڵمان هاوكار بن، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە باشی بەڕێوە بچێت، بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەكانیش چوونە ژوورەوەی وێستگەكان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە، هەروەها ڕێگە نادرێت موبایل ببرێتە ژوورەوە و بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە."

بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەوەیشی گوت: "لە هەولێر 25 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی، لەگەڵ 5 ڕێكخراوی نێودەوڵەتی خۆیان تۆمار كردووە و چاودێریی پرۆسەكە دەكەن، دوای كاتژمێر 6 دەرگای بنكەكان دادەخرێت و بە هیچ شێوەیەك پرۆسەكە درێژ ناكرێتەوە".

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار