لە ڕواندز دەنگدانی تایبەت بەبێ کێشە بەردەوامە

ڕواندز-KDP.info- لە ڕواندزیش وەك هەموو شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان لە قوتابخانەی پاشای گەورە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوە دەچێت و لەو بنكەیە زیاتر لە 2 هەزار پێشمەرگە مافی دەنگدانیان هەیە و تا ئێستاش پرۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت.
ڕائید واحید مووسا، كە لە بەرەی پێشەوە لە بەنداوی مووسڵ دەوام دەكات و لە ڕواندز دەنگی دا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "دوێنێ بە خوێن و ئەمڕۆ بە دەنگ بەرگری لە خەڵكی كوردستان دەكەین، تا پێشمەرگە مابێت خۆمان ناچەمێنین و ئامادەین بە هەموو شێوەیەك بەرگری بكەین، پرۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و زۆر جیاوازە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێمە هەر ئەوەمان دەوێت و داواش دەكەین هەموو هێزی پێشمەرگە دەنگ بدات."
سلێمان شەهاب، پێشمەرگەیەكی دیكەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە بەیانییەوە دەگەڕێم بۆ ئەوەی ناوەكەم بدۆزمەوە و دەنگ بدەم، بەڵام ئێستا پێم دەڵێن دەنگت لە دەنگدانی گشتی هاتووەتەوە و دەتوانی لەو ڕۆژە دەنگ بدەی، بۆیە لەو ڕۆژە دەنگ دەدەم، بۆ ئەوەی كوردستان هەر بە بەهێزی بمێنێتەوە و پێش بكەوێت، داوا لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی كوردستان دەكەم دەنگ بدەن".
كارمەندێكی كۆمیسیۆن لە بنكەی پاشای گەورە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "ڕاستە قەڵەباڵغییەكی زۆر لەبەر دەرگای بنكەكان هەیە، بەڵام پرۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و هیچ كێشەیەك نییە، هەموو كەسێك تا ئێوارە دەتوانێت دەنگ بدات، ئەو كەسەیشی ناوی نەگەڕاوەتەوە، دەتوانێت ڕۆژی دەنگدانی گشتی دەنگ بدات".
ڕابین شێروانی




